گالەری


رووداو دیجیتاڵ

رۆژی یەکشەممە، 20-4-2025، پێشانگەی تایبەتیی هونەرمەندی شێوەکار ناسر دانیشوەر بە ناونیشانی "رەنگ، ژن، کۆمەڵگە" لە گەلەری میدیا لە شاری هەولێر کرایەوە.
 
تابلۆکانی نێو پێشانگەکە جیاوازن و گوزارشت لە لایەنە هەمەچەشنەکانی ژیانی ژنان دەکەن. بەشێکیان هێز و توانای ئافرەت نیشان دەدەن، بەشێکی دیکەشیان ماندووبوون و ئەو تەنگەژە و بەربەستانە دەخەنەڕوو کە رووبەڕوویان دەبێتەوە. 
 
هاوکات، هونەرمەند رەهەندە کولتوورییە کوردییەکانیشی فەرامۆش نەکردووە و لە بەشێکی زۆری تابلۆکانیدا ئافرەتانی بە جلوبەرگی کوردییەوە کێشاوە، بە بەکارهێنانی رەنگە گەشەکانی ژیان و هێز و میهرەبانی.
 
ناسر دانیشوەر لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، "ماوەیەکی زۆر بوو بیرم لەوە دەکردەوە رۆژێک لە رۆژان پێشانگەیەک لە هەولێر بکەمەوە. دەمویست لەم رێگەیەوە لە نزیکەوە ئاشنا و دۆستی هونەرمەندانی ئەم شارە بم. جگە لەوەش، ویستم هونەر و بیرۆکەی خۆم پێشانی شاری هەولێر بدەم، چونکە ئەمە بۆ من وەکو هونەرمەندێک ئەزموونێکی نوێ و بەسوودە."
 
سەبارەت بە بیرۆکە و ئامانجی پێشانگەکە، دانیشوەر گوتی، "ویستم هێزی ژن و هەروەها ئەو ستەمەی لە کۆن و ئێستادا لەنێو کۆمەڵگەدا بەرامبەریان دەکرێت، لە تابلۆکانمدا رەنگدانەوەیان هەبێت. لە کارەکانمدا هەردوو لایەنەکە بە روونی دیارن."
 
پێشانگەکە بیست و دوو تابلۆی بە قەبارەی جیاواز لەخۆدەگرێت، کە بەرهەمی زیاتر لە دوو ساڵ کاری بەردەوامی هونەرمەندەکەن.
 
کردنەوەی پێشانگەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر بووە و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
ناسر دانیشوەر لە ساڵی 1981 لە شاری شنۆی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە. لە ساڵی 2005 کۆلێژی هونەرە جوانەکانی لە زانکۆی تەبرێز تەواو کردووە. ناوبراو تاوەکو ئێستا بەشداری لە زیاتر لە 20 پێشانگەی تاکەکەسی و هاوبەشدا کردووە.