رووداو دیجیتاڵ
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 12-03-2021 وەیزیر کۆچ و کۆچبەرانی عێراق سەردانی کامپی عەربەتی لە سلێمانی کرد، ئامانجی سەردانەکەشی لە چوارچێوەی پلانێکی حکومەتی عێراقە بۆ داخستنی کامپەکە و لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ئاوارەکانی عێراق لەو کامپە.
نزیکەی 311 خێزانی ئاوارەی عەرەبی نیشتەجێی پارێزگای سەلاحەددین لە کامپی عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێن، بارودۆخ و گوزەرانیان زۆر خراپە، حکومەتی عێراقیش پلانی هەیە ئەو ئاوارانە بگەڕێنێتەوە ناوچەکانیان.
ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 11 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، کە هەشت هەزار و 500یان لە سنووری عەربەت نیشتەجێن، ئەوانەی کەمپی عەربەت زۆرینەیان خەڵکی پارێزگای سەلاحەددینن، کامپێکی دیکەی ئاوارەکان هەیە بەناوی کامپی ئاشتی، ئاوارەکانی ئەو کامپەش خەڵکی شنگالن، لە کامپی باریکەش ژمارەیەکی دیکە لە ئاوارەی شارەکانی دیکەی عێراق هەن.
دابان محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت، لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆ کامپی عەربەت بە رووداوی راگەیاند "سەردانەکەی جەنابی وەزیر بۆ ئاگاداربوونە لە بارودۆخی ئاوارەکان لە هەردوو کامپی ئاشتی و عەربەت، گرنگترین خاڵی ئەو سەردانەش گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ زێدی خۆیان".
بە گوتەی دابان محەممەد، "بەهۆ دۆخی ئەمنیی ناوچەکانی خوارووی عێراق و نەبوونی پێداویستی و خزمەتگوزاری لەو شوێنانەی کە ئەوان لێیەوە ئاوارەبوون، بەشێکی زۆری ئاوارەکان ئامادەنین بگەڕێنەوە زێدی خۆیان".
ئەمەش لەکاتێکدایە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریداوە هەموو ئەو کامپانە دابخات کە ئاوارەکانی نێوخۆی عێراقیان تێدایە و ژمارەیان 28 کامپە. رۆژی 12ی شووباتی 2021 عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، داخستنی کامپەکان یەکێکە لە بەرنامەکانی حکومەت کە سەرۆکوەزیران پێشکێشی کردووە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەو بەرنامەیە جێبەجێ دەکات.
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق تاوەکو ئێستا 20 کامپیان داخستووە و 28 کامپیش ماون، کە 26 کامپیان لە هەرێمی کوردستانن و دوو کامپیشیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، ژمارەی ئەوانەی لە کامپەکانیش دەژین 40 هەزار خێزانن و 37 هەزار خێزانیان لە هەرێمی کوردستانن کە زۆرینەیان خەڵکی شنگالن. "ئەوانی دیکەش هی پارێزگاکانی نەینەوا و دیالەن و لە کامپەکانی سلێمانی و هەولێر دەژین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ