پەرلەمانتارێکی گۆڕان: تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای چاکسازی بەئاسانی لە پەرلەمان خەیاڵە

11-12-2019
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن پرۆژەیاسای چاکسازی
A+ A-


رووداو  هەولێر

ئەندامێکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە دووری نازانێت بەربەست بۆ پرۆژەیاسای چاکسازی لە پەرلەمان دروستبکرێت و پێشیوایە، تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژەیاسایە بەئاسانی لە پەرلەمان "خەیاڵە" و بەربەستی بۆ دروستدەکرێت. 
 
جەلال محەممەد، ئەندامی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)ـی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو، لەبارەی ناردنی پرۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان و کاریگەرییەکانی لەسەر مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و خانەنشینان، رایگەیاند: "فەرمانبەران ئەوانەی خاوەن داهاتێکی نزمن لە مووچە و دەرماڵە بە هیچ چەشنێک تەنها یەک دیناریش لە مووچە و دەرماڵەیان کەمناکرێتەوە، بەڵکو تاوەکو ئاستی بەڕێوەبەری گشتی دەگرێتەوە، واتە ئەو چاکسازییە لە سەرۆکی هەرێم دەگرێتەوە تاوەکو ئاستی بەڕێوەبەری گشتی".
 
جەلال محەممەد دەڵێ "ئەو پرۆژەیە چەند میحوەرێکی گرنگی تێدایە، لەوانە چاککردنی یاسای خانەنشینیەکان کە لە رابردوودا هەبووە، وەکو یاسای خانەنشینی هێزەکانی 70 و 80، هێزەکانی پێشمەرگە و یەکەی ژمێریای ئەو هێزانە کە لە یەک مانگدا 100 ملیار دینار لە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ خانەنشینی سەربازییە".
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە دووری نازانێت بەربەست بۆ ئەو پرۆژەیە یاسایە دروستبکرێت و پێشیوایە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە بە سانایی لە پەرلەمان "خەیاڵە" و دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە پرۆژەیەکی ئاوا کە دەست دەبات بۆ حەوت یاسای بەرکار لە هەرێمی کوردستان و ژیانی بەشێکی زۆر پلە باڵاکان، ئەگەر پێمانوابێت شتێکی زۆر سانایە و لەنێو هۆڵی پەرلەمان تەنها بە چەند کاژێرێک تێدەپەڕێت و دەڕوات، ئەمە پێموایە خەیاڵە. بە دڵنیاییەوە بەربەستی لەبەردەم دروستدەکرێت و خەڵکانێک لۆبی بۆ دروستدەکەن و خەڵکانێک زیانمەند دەبن لەو پرۆژە یاسایە".
 
هەر لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەکە و لەسەر هەمان پرس، کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "زیاتر لە 400 ملیار دینار مانگانە وەک دەرماڵە دەدرێتە فەرمانبەران، دەرماڵەی هیچ فەرمانبەرێک نابڕدرێت، بەڵکو رێکدەخرێتەوە ئەو رێکخستنەوەیەش دادپەروەری تێدایە، لە رێگەی ئەو چاکسازییەوە دەمانەوێت دادپەروەری کۆمەڵایەتی بچەسپێنین کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بێت بەشێوەیەکی گشتی".
 
بە گوتەی کاروان گەزنەیی "زیاتر لە 100 هەزار کەس هەن لە هەرێمی کوردستان کە زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن، کە ئەمە ژمارەیەکی مەترسیدارە، یاسای چاکسازیی چارەسەرێکی رووکەشی تێدایە کە چارەسەری ئەمانە دەکات".
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت "ئەو چاکسازییە ئەوانە دەگرێتەوە، کە بەیانی فەرمانی بۆ دەرچووە ببێتە وەزیر بۆ نیوەڕۆ خانەنشینکراوە بە وەزیر، خەڵک هەیە هیچ کاتێک ئەندامی پەرلەمان نەبووە، خانەنشین کراوە، خەڵکمان هەیە هیچ رۆژێک لە رۆژان وەزیر نەبووە بە وەزیر خانەنشین کراوە، بریکاری وەزیریش بە هەمان شێوە، ئەمانەش پێویستیان بە رێکخستنەوە هەیە".
 
سەبارەت بە خانەنشینی پێشمەرگە دێرینەکانیش، کاروان گەزنەیی گوتی: "ئەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی کراون رێکدەخرێنەوە و دووبارە بە یاسای زێرەڤانی خانەنشین دەکرێنەوە".

 

تەواوی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەبدولسەلام ئاکنجی، پەیامنێری رووداو لە ئامەد و شەوکەت هەرکی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە ئەنقەرە

دوو رۆژنامەڤانی رووداو لە باکووری کوردستان و تورکیا خەڵات کران

"دەنگێک لەژێر داروپەردووەکاندا نابیسترێت" و "ئازەربایجان و ئەرمەنستان شەڕیان کرد؛ کورد ئاوارە بوون"، ناونیشانی دوو راپۆرتە هەواڵی ڤیدیۆیی رۆژنامەڤانانی رووداون کە لە باکووری کوردستان و تورکیا خەڵات وەردەگرن.