"وەزارەتی ناوخۆ بەیەکەوە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی پەسندکردووە"

10-07-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دەڵێت، پێشنیاز کراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە بکرێن و ئەو پێشنیازەش پەسندکراوە. سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێریش دەڵێت، "نۆ ساڵە ماوەی یاساییمان تەواوبووە و خۆمان داوامان کردووە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکرێت".
 
رۆژی دووشەممە 10-07-2023 هاوار محەممەد، بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە؛ بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک پێشنیازیان بۆ وەزارەت کردووە کە هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە بکرێت. وەزارەتیش وەڵامی پێشنیازەکەی داوەتەوە و هیچ لارییەکی نەبووە و پەسندی کردووە".
 
عەلی رەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی پێشنیازەکەیان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو پێشنیازە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو لە کۆبوونەوەمان لە ئەنجوومەنی وەزیران خستمانەڕوو. نووسراو بۆ وەزارەتی ناوخۆ کرا و تێیدا داوامان کرد هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و پەرلەمان پێکەوە بکرێن، چونکە نۆ ساڵە ماوەی یاسایی ئەنجوومەن بەسەرچووە. ئەمساڵیش وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی داینەوە و پێشنیازەکەی پەسندکردووە".
 
دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ساڵی 2014 بەڕێوەچوو؛ پێویست بوو 23-06-2018 و 23-06-2022 هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام نەکرا. عەلی رەشید دەڵێت، "پێویست بوو لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکان بکرێت، بەڵام ئەو کات بەهۆی قەیرانی دارایی و ئەو گرفتانەی هەبوو و رێکنەکەوتنی سیاسی، نەتوانرا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت".
 
رۆژی 22ـی ئایار پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی کاراکردەوە، بەڵام بڕیارەکەی رۆژی 30ـی ئایاری دادگەی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە نایاسایی و نادەستووریبوونی ئەو درێژکردنەوەیە واتای ئەوەیە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کارا نەکراوەتەوە. پێویستە هەڵبژاردنەکان بەسەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کاتێک بۆ ئەو هەڵبژاردنانە دیاری نەکراوە. 
 
بەرپرسی بەشی یاسایی لە بەشی هەڵبژاردنی پارتی دەشڵێت، "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیانەوێت هەڵبژاردن لە نزیکترین دەرفەتدا بکرێت و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین بکەوێتە ساڵی داهاتوو؛ کۆمیسیۆنی عێراقیش وەڵامی داوەتەوە کە بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا، ناتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش بکەن".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتان.

نێچیرڤان بارزانی داوا لە وڵاتانی زلهێز دەکات مافی کورد لە سووریا بپارێزرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی هەفتەیەکدا لەگەڵ وەزیرانی بەرگریی ئەڵمانیا، ئیتالیا، هۆڵەندا و سەرۆک ئەرکانی بەریتانیا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژی داعش لە عێراق و سووریا کۆبووەوە.