شوباتی داهاتوو

01-10-2023
ئاریان فەرەج
نیشانەکردن هەڵبژاردن
A+ A-
شوباتی داهاتوو لە كوردستان هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنێك كەمتر لەوانی پێشتر و زۆرتر لە یەكەمین هەڵبژاردنی ساڵی 1992ـی دەستپێك دەچێت، ئەو دەمەی بۆ یەكەم جار داوای چانسمان له‌ جيهان كرد و بە متمانه‌وه‌ گوتمان: ئێمە شایستەی دەرفەتین. 
 
پێدەچێت شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنێك نەبێت بۆ كێبڕكێی حیزبییانەى هاوشێوەی ئەوانی رابردوو، بەڵكو دەرفەتێكی درەنگ وەخت بێت بۆ چانس وەرگرتنەوە و تۆخكردنەوەی وێنەی كاڵوەبووی دیموكراتییانەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان و گیان و شەرعیەت بە بەرداكردنەوەی دامەزراوە لەشەرعیەتكەوتووەكانمان و دووبارە سەلماندنەوەی شایستەییمان. 
 
شوباتی دادێ، كەمتر دەرفەتە بۆ سەركەوتنی ئەم يان ئەو حیزب، زیاتر دەرفەتە بۆ سەركەوتن و دووبارە هەڵسانەوە و سەرپێكەوتنەوەی كوردستان. چاوی ناوخۆ و دونیاش كەمتر لەسەر كێبڕكێی ئەجێندای حیزبەکانە و چاوەڕوانییەكان زیاتر لەسەر گەڕانەوەی هەموو لایەكمانە بۆ پرنسیپە سەرەكییەكانی دەسپێك و راستكردنەوەی لارییەكان. 
 
لە شوباتی داهاتوودا پێدەچێ پێویستبێ دووبارە سەری رێگەی سەلماندنەوەی ئەو راستییە بگرینەوەبەر كە: ئێمە گەلێكی دیموكراتخوازین و دەمانەوێ لە تاقیکردنەوەی دیموكراسی دا سەركەوین. سەرەڕای هەر نووچدانێك، بەڵام هەر سوورین لەسەر شایستەیی و سەركەوتن. وەك چۆن كاتی خۆی چاوەڕوانیمان لێدەكرا لە ژیانی دیموكراتیانە و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، ببینە نموونە بۆ عێراق و تیشك بۆ ئەوێندەر بدەینەوە. دەبێ هەر وابین نەك هەڵبژاردن نەكەین و بشمانەوێ بە دیموكرات لەقەڵەم بدرێین، یاخود بەهانە بدەینە دەست دادگای ئەوێندەر بەرمەبنای دواخستنی هەڵبژاردن و لەدەستدانی شەرعیەت، دامەزراوەكانمان لەكار بخات!!
 
شوباتی داهاتوو پابەندیمان بە پرنسیپە سەرەتاییەكانەوە دەمەزەرد دەكەینەوە، لار و وێرى و كه‌موكاسييه‌كانمان به‌ره‌و چاره‌سه‌ر ده‌به‌ين، به‌ڵام هاوكات ده‌ست به‌و راستييه‌شه‌وه‌ ده‌گرين كه‌ سەرچاوەی بوون و مان و دەسەڵات و شەرعیەتی ئەم هەرێمە، گه‌له‌كه‌ى و دۆزی رەوای گەلەكەیەتی، نه‌ك سه‌ركه‌تن و لێوه‌شاوه‌يى دەستەبژێرە‌ سياسييه‌كه‌ى، ئەم هەرێمە موڵكی كوردستانییانە كە هەر تاكێكیان له‌پێناو دروستبوونی دا چیرۆكێكی پڕ زووخاوی بەسەرهاتووە، بۆیەش دەمێنێ و هەڵناوەشێتەوە و لە بەین نابرێت، كايه‌ و دەستەبژێرە‌ سياسييه‌كه‌شى شتێك نين جگه‌ له‌ ئامراز و كه‌ره‌سته‌ى خزمه‌ت به‌ گه‌ل و ‌بەرژەوەندییە باڵا و نەگۆڕە نیشتمانییەكانی. 
 
شوباتی دادێ ده‌رفه‌تى دووباره‌ دڵنياكردنه‌وه‌ى هەموو لایەكە له‌وه‌ى: ئێمەی سەت ساڵ بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ تێكۆشاو، ئازادی و مافی مرۆڤ و ئەو پرنیسپانەی دەیان ساڵە جیهانیان كردووەتە دۆست و پشتیوانمان، بە پرنسیپی نەگۆڕ و باوەڕی پتەوی خۆمان و مافی بەدەستهاتووی گەلەكەمان دەزانین و لێیان ناكشێینەوە، نە گەلی ئازادیخوازی خۆمان و نە جیهان لە خۆمان نائومێد ناكەین. 
 
دۆست و خه‌مخۆران دڵنياده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ ناوی پیرۆزی پێشمەرگە لەسەر سوپایەكی نیشتمانیی یەكگرتووی پابەندی خاك و وڵات دەنەخشێنين، نەك له‌سه‌ر هێزێكى پەرتەوازە و سەر بە بەشی حیزبەکان. دامەزراوە و دەزگا نیشتمانییەكانمان كە بە خوێن و خەبات بەدیهاتوون، بەرز و بە هەیبەت و دوور لە هەر دەستتێوەردانێك رادەگرین. وەك سایە و سێبەر و مەرجەع له‌ ياسا و ياساسه‌روه‌ريى دەڕوانین، هێزە سیاسییەكانمان سەرباری لێكنەچوون و جیاوازی، بەڵام نەك هەر پشتی یەكدی بەرنادەین و پشتی میللەتەكەمان ناشكێنین، بەڵكو لە ئاستانەی داكۆكی لە ماف و نان و ئیستحقاقی گەلەكەماندا، هەموو دەبینەوە یەك و یەك دەست و یەك بازوو. ئێمەیەك كە رۆژگارێك رێگەی پێكەوەیی و یەكدەستیمان پێشانی پێكهاتەكانی دیكەی عێراق دەدا، بە یەكڕیزی ماف و دەسكەوت و بەركەوتمان بۆ گەلەكەمان بەدیهێنا، چۆن لەو بەغدایەی كە ئێستا جگە لە دەنگی زوڵاڵی یەكدەنگی، هیچ دەنگێكی دیكە نابیستێ، لێكدەترازێین و هەر یەك لە ئاوازێ دەخوێنین! 
 
بە كورتی و كرمانجى: ئەگەر چاومان لە هەستانەوە و بەهێزبوونەوەیە، دەبێ ئەو ئومێدانەی سەرەوە بە خەونی ئەرخەوانی و شاعیرانە نەزانین، دەبێ شوباتی دادێ بكەینە شوباتی پتەوكردنەوەی باوەڕە نەگۆڕەكان، دەمەزەردكردنەوەی بنەما دیموكراتییەكان، گێڕانەوەی هێز و شەرعیەت و متمانە بەدامەزراوەكان و جۆشدانەوه‌ی ژیانی سیاسی و بەرزڕاگرتنەوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و تەرخانبوونی هەمووان بۆ چارەی كێشەكانی ژيانى خەڵكی خۆڕاگر و قەیرانباری كوردستان. 
 
هەر لەم سۆنگەیەشەوە بوو سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە وتارەكەیدا لە پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، هیچ ئەركێكی لە پێش هێزە سیاسییەكان و بەتایبەت پارتی و یەكێتی لە ئەركی سەرخستنی هەڵبژاردنی شوباتی داهاتوو بە گرنگتر و چارەنووسسازتر نەزانی، چونكە بە باوەڕی ئەو، هه‌ڵبژاردن كە بنه‌ماى سه‌ره‌كيى ره‌واييى ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانييە، دەبێتە مایەی بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان و هەر بەوەش دەتوانرێ رۆڵ و ئاماده‌يى و كاريگه‌ريى پێویست له‌ به‌غدا بۆ به‌رگرى له‌ ماف و نان و ده‌ستكه‌وته‌كانى خەڵك دەستەبەر بكرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دڵنیا رەحمان

جیهان لە چاوی کامێرای کوردستان دا

کچێکی کوردی سنەییم، کۆڵەپشتی رۆژنامەڤانیم لە پشتە، دەچم بۆ نێو جەرگەی شەڕێکی گەورەی نێوان بە رواڵەت دوو دەوڵەت، بەڵام تۆ وادابنێ دوو جەمسەری جیهان. هەرچەند رووماڵی شەڕ مەترسیدارە، بەڵام کارەکە هەستێکی تایبەتم پێدەدات، لەبەرئەوەی ئێمەی کورد زۆر کارەساتمان بەسەر هاتووە و گلەییمان هەبووە کە راگەیاندنی دنیا وەک پێویست بایەخی پێنەداون، کە کۆڕەوی بەهاری 1991ی باشووری کوردستانیش روویدا، هەر راگەیاندنی جیهان بوو، کردییە رۆژەڤی گەورە و جیهانی لێ ئاگادارکردەوە، کەواتە کورد لە بایەخی میدیا تێگەیشتووەو، ئێستا خۆی خاوەنی دەزگایەکی میدیایی ئەوتۆیە کە رووداوەکانی جیهان بە زمانی کوردی دەگوازێتەوە و بە زمانی دیکەش لەگەڵ جیهان دا بەشی دەکات.