رووداو دیجیتاڵ
لە شنگال 50 دۆنم زەوى تەرخان دەکرێت بۆ دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوونى بێ بەرامبەر بۆ ئەو ئاوارانەى دەگەڕێنەوە، بەرپرسێکى وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دەڵێت "پارەى دروستکردنى ئەو یەکانە لە سندووقى ئاوەدانکردنەوەى شنگال و دەشتى نەینەوا تەرخاندەکرێت."
رۆژی 10ى کانوونى دووەمى 2024 عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، وەزارەتەکەى لەگەڵ پارێزگارى نەینەوا رێککەوتوون لەسەر تەرخانکردنى 50 دۆنم زەوى لە قەزاى شنگال بۆ دروستکردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ ئەو ئاوارانەى دەگەڕێنەوە و خانوویان نییە.
عەلى جیهانگیر گوتى "ئەو یەکەى نیشتەجێبوونانە لەسەر پارەى سندووقى ئاوەدانکردنەوەى شنگال و دەشتى نەینەوا و هاوکارى دیکە دروست دەکرێن، بەبێ بەرامبەر دەدرێنە ئەو ئاوارانەى دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان، بەڵام ژمارەى خانووەکان و ماوەى تەواوبوونى پڕۆژەکە دیار نییە، چونکە پێویستى بە رەزامەندیى وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە."
بەگوێرەى مادەى 46ـی یاسای بودجەى گشتیى عێراق، سندووقى ئاوەدانکردنەوەى شنگال و دەشتى نەینەوا دروستکرا، کە سەرمایەکەى 50 ملیار دینارە، ئەو سندووقە لە 17ـی ئەیلوولى 2023 بە بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێکهێندرا.
عەلى جیهانگیر ئاشکرایکرد، تاوەکو ئێستا 22 هەزار خێزانی ئاوارە نەگەڕاونەتەوە شنگال.
ئەمڕۆ وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد؛ ئیڤان فایەق، وەزیرى کۆچ و کۆچبەران لەگەڵ عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا کۆبووەتەوە و رێککەوتوون لەسەر تەرخانکردنى 100 دۆنم زەوى بۆ یەکەى نیشتەجێبوونى ئاوارەکان، کە 50 دۆنمیان لە شنگال و 50 دۆنمەکەى دیکە لە شارى موسڵى ناوەندى پارێزگاى نەینەوا دەبن، ئەو هەنگاوە بۆ هاندانى گەڕانەوەى ئاوارەکانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ