لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە لۆرستان 7 کەس گیانیان لەدەستدا

09-01-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی سەرەکیی نێوان تاران – خوڕەمئاوا (ناوەندی پارێزگای لۆرستان)، حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 23 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد زارعی، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای لۆرستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە رێگەی جووتسایدی نێوان تاران – خوڕەمئاوا بووە و لە نێوان پاسێک و دوو بارهەڵگردا روویداوە.
 
محەممەد زارعی گوتی، لە رووداوەکە حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەموویان پیاون.
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی لۆرستان، لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، موحسین ئادینەوەند، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی لۆرستان رایگەیاند، رووداوەکە لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان تاران-خۆڕەمئاوا و لە 5 کیلۆمەتری نێوان خۆڕەمئاوا- بروجێرد روویداوە و لە رووداوەکەدا 7 کەس گیانیان لەدەستداوە و 23 کەسیش بریندارن.
 
بە گوتەی ئادینەوەند، بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتن و بە ئامبوڵانس بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری خۆڕەمئاوا گوازرانەوە، 15 کەسیان دوای وەرگرتنی چارەسەرییە سەرەتاییەکان رەوانەی ماڵەوە کراون و 8 کەسی دیکەش لە نەخۆشخانە خەوێندران و ئێستا چارەسەر وەردەگرن.
 
رۆژی یەکشەممە، 7ی کانوونی دووەمی 2024، لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی گەراو - کۆیەشت لەو پارێزگایە 3 کەس گیانیان لەدەستدابوو.
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدەدەن.
 
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران، رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵ تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.3٪ زیادی کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە