گوتەبێژی کۆمیسیۆن: ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت

08-08-2022
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانەوە لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەمساڵ ناکرێت و ئەگەرێک هەیە بکەوێتە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2023. دەشڵێت، "لایەنە سیاسییەکان سێ پرسیان لەبەردەمدایە بۆ کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممە و چەند زوو رێکبکەون هەڵبژاردن زووتر دەکرێت."
 
شێروان زرار، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئێمە چاوەڕێی جووڵەی نوێی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانین لە عێراق بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی لایەنە سیاسییەکان، ئێمە بە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە عێراق راگەیاندووە، بەلامانەوە گرنگە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەو کۆبوونەوەیەدا بڕیاری لەبارەوە بدرێت."
 
سەبارەت بەو کۆبوونەوەیەی بڕیارە رۆژی چوارشەممە 10ی ئاب بە سەرپەرشتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت و کەسی یەکەمی زۆربەی حیزبە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی کوردستان بکرێت، شێروان زرار گوتی، "گرنگە لەو کۆبوونەوەیە بڕیار لە بابەتەکانی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، دیاریکردنی وادەیەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بدرێت، ئیدی ئەم بڕیارانە چەند زوو بدرێن باشترە، بەڵام کەشی کۆبوونەوەکە بڕیارەکان دیاریدەکات."
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بە دووری دەزانێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی پێشووی و ئەمساڵیشدا بکرێت و دەڵێت، "پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 1ی ئۆکتۆبەری بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، بەڵام نەک لەو رۆژەدا، بەڵکو لە ئەمساڵیشدا هەڵبژاردن ناکرێت، ئێمە بۆ هەڵبژاردن دەبێت پێش شەش مانگ لەو وادەیە رابسپێردرێین، واتە یاسای هەڵبژاردن ئامادە بێت و کۆمیسیۆنیش کارا کرابێتەوە، بۆیە ئێستا قسەیەک هەیە گوایە لایەنەکان رێکبکەون هەڵبژاردن بۆ مانگی 10ی ساڵی 2023 دوابخەن، واتە یەک ساڵ، ئەوەش لەسەر رێککەوتنی ئەوان و یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دەوەستێت."
 
بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن پێیوایە، ئەگەر لایەنەکان رۆژی چوارشەممەش رێکبکەون، ئەوا تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن ماوەیەکی دەوێت و چەند دانیشتنێکی پەرلەمانی پێویستە، "بۆیە تەنیا رێککەوتن نییە، چونکە کارەکە پەیوەندیی بە پەرلەمانەوە هەیە."
 
شێروان زرار باسی لەوەش کرد، ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان تەواو روون بووەتەوە و لە کۆبوونەوەی چوارشەممەدا لایەنەکان بەرچاویان تەواو روونە کە کێ چی دەوێت؛ گوتیشی، "پێشتر چەند کۆبوونەوەیەک لەنێوان دەزگای هەڵبژاردنی لایەنەکانی بە سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کرا، ئێستا نەخشەکە روونە کە حیزبەکان ناکۆکییان لەسەر چییە، هەروەها هەموو رای لایەنە سیاسییەکان لەبارەی کۆمیسیۆن و یاسای هەڵبژاردن و سیستم و هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەرانیش دیارە."
 
سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانیش، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ئاشکرای کرد، "بەپێی زانیارییەکانمان لایەنەکان هەموویان پێیان باشە تۆماری دەنگدەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە دوایین هەڵبژاردن، واتە لە 10ی ئۆکتۆبەری 2021 پەیڕەو بکەین، کە هیچ لایەنێک رەخنەی لەسەری نییە، بەپێی زانیارییەکانیشمان کۆمیسیۆنی عێراق ئامادەیە ئەو تۆمارەمان بداتێ بۆئەوەی بەکاریبهێنین ئەگەر داوای بکەین، بەکارهێنانی ئەو تۆمارە کاتی باشمان بۆ دەگەڕێنێتەوە."
 
رۆژی 24-02-2022 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەرێمیی بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی كوردستان واژۆكرد و بڕیاریدا رۆژی 01-10-2022 هەڵبژاردن بکرێت. دوای سێ رۆژ، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بکەن بۆئەوەی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت.
 
ناکۆکیی سیاسیی نێوان لایەنەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، پێکهاتەی ئێستای کۆمیسیۆن و شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە لەنێوان یەک بازنەیی و فرەبازنەییدا بووەتە هۆکاری ئەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت و ئێستا کۆمیسیۆن و لایەنە سیاسییەکانیش چاوەڕوانی دیاریکردنی رۆژێکی نوێی هەڵبژاردنن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە.
 
دوای کۆبوونەوەی حیزبە سیاسییەکان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە 9ی مانگی حوزەیرانی 2022، لە رۆژانی 13 و 28ی حوزەیرانی 2022، دوو کۆبوونەوەی دەزگا و مەکتەبەکانی هەڵبژاردنی لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون؛ ئەوانەی بەشداربوون لە کۆبوونەوەکان بریتیبوون لە، مەکتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان و پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستان راهێنان بە 17 هەزار کەس دەکرێت بۆ سەرژمێری

16ـی تشرینی دووەم کاری مەیدانی دەستپێدەکات، بژمێرەکان ماڵ بە ماڵ و شەقام بە شەقام زانیارییەکان وەردەگرن، وەڵامی 70 پرسیار لە فۆڕمەکانیان تۆماردەکەن، 20 و 21 مانگ زانیارییەکان پشتڕاستدەکرێنەوە، لە دوای کاژێر 12:00ـی شەوی 21 ـی مانگ، هیچ کەسێک تۆمار ناکرێت.