چیرۆکی گیانلەدەستدانی محەممەد بەهۆی تەقینەوەی مین و برینداربوونی براکەی

06-04-2025
ئەندام جەبار
وێنەی ئەو گەنجەی لە تەقینەوەی مینەکەدا گیانی لەدەستداوە
وێنەی ئەو گەنجەی لە تەقینەوەی مینەکەدا گیانی لەدەستداوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کەسوکارەکەی، بە شین و گریانەوە بە دوای ئەو ئەمبیوڵانسە کەوتوون کە تەرمی محەممەدی 28 ساڵانی هەڵگرتووە، ئەو گەنجەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە کوێستانێکی سنووری برادۆست مینی پێدا تەقییەوە و گیانی لەدەستدا.
 
رووداوەکە کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 6-4-2025) لە کوێستانی قەلەڕەش، لە سنووری سیدەکان روویدا. لەگەڵ تەقینی مینەکە؛ محەممەد هەینی دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و سەفوانی براشی بریندار بوو.
 
رەمەزان محەممەد، شاهێدحاڵە و بە رووداوی گوت "من، لە بەرامبەریان بووم، براکەی بانگی کردم و گوتی محەممەد مرد! بگە لامان! کە ئێمە گەیشتین، محەممەد لەژیان دا نەمابوو، براکەی باش بوو و بە پێی خۆی هاتەوە لای ئۆتۆمبێلەکان. محەممەدیشمان بە پشتێنەکانمان هەڵگرت و خەڵکی ئەوێ زۆر هاوکارییان کردین لە هێنانەوەی تەرمەکە دا."
 
لە گوندی بێخمەی ناحیەی بجیلی سنووری ئاکرێ، خەڵکی زۆر لە پرسەی قوربانییەکە ئامادەبوون؛ بۆ گیانلەدەستدانی محەممەد ماتەم دەگێڕن و بۆ سەفوانی براشی نزای چاکبوونەوە دەکەن.
 
زۆربوونی رووداوەکانی مین و بوونە قوربانیی ژمارەیەک هاونیشتیمانی، دەریخستووە بۆ پێشگرتن لە قوربانیی زیاتر، دەبێت هەنگاوەکانی پاکسازیی مین خێراتربکرێن، بۆ ئەوەش دەزگای مین داوای پاڵپشتیی زیاتر و خێرا دەکات.
 
عەلی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای کاروباری مین - هەولێر دەڵێ، "پرۆسەی پاکسازیی مین، زۆر بە هێواشی دەڕوات، ئەگەر بمانەوێت بۆ سەلامەتیی هاونیشتمانییان پرۆسەکە خێرا بکەین، دەبێت حکومەتی هەرێم بە تەواوی پاڵپشتیمان بکات و تیممان بۆ زیاد بکات و هاوکاریی مرۆیی و تەکنیکیمان بکات، بۆ ئەوەی بتوانین لە ماوەیەکی زووتردا رێکارەکان جێبەجێ بکەین."
 
ئەم ساڵ، لە سنووری سۆران پێنج رووداوی تەقینەوەی مین روویانداوە، کە بەهۆیانەوە سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و دووانی دیکەش بریندار بوون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کێڵگەیەکی گەنم لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی کشتوکاڵ: ئەم بارانە سوودی بۆ گەنم دەبێت

دوو رۆژە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ، بارانەکە سوودی دانەوێڵەی چێندراوی هەموو هەرێمی کوردستان هەیە و بڕی بەرهەمی گەنم زیاد دەکات