"ملیارێک دینار وەکو قەرەبوو دەدرێتە زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسووتاوەکە"

06-04-2025
نزار جەزا
چیرۆکی زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی
چیرۆکی زیانلێکەوتووانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

سوهەیب، هەر لە منداڵییەوە لەنێو بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی شاگرد بووە، مانگێکە دووکانێکی داناوە و دڵخۆشبوو بە زیادبوونی داهاتی، کە وای دەکرد کرێی خانووەکەی و پێداویستیی منداڵە دوو ساڵانەکەی باشتر دابین بکات، بەڵام ئاگر دڵخۆشیەکەی نەهێشت.
 
سوهەیب عوسمان، زیانلێکەوتوو بە رووداوی گوت "ماڵی خاوەن موڵەکەکە ئاوەدان بێت، بێبەرامبەر ئەم دووکانەی پێدام تاوەکو دەکەومەسەرپێی خۆم، پاشان کرێم لێ وەربگرێت، بەڵام مانگێک تێپەڕی و ئەم ئاگرە کەوتەوە و هەمووی سووتا."
 
ئەو زیاندمەندەی سووتانی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی باسی لەوەش کرد، دانانی دووکانەکەی کە 5 ملیۆن دیناری تێچووە، هەر بە قەرز بووە. ئەو، دەڵێ "هەندێک ئامێری ئەلیکترۆنیی خەڵکم لابوو، بای نزیکەی دوو ملیۆن دینار، کە چاکیان بکەمەوە، ئەوانیش سووتان."
 
ئێستا سوهەیب ناتوانێت لە سفرەوە دەستپێبکاتەوە، بۆیە بەگوتەی خۆی ناچارە کرێکاری بکات.
 
سوهەیب گوتیشی "یەکەم، چاوەڕێی بەزەیی خواین، دووەم چاوەڕێی هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانین، ئەگەرنا دەبێت بچم کرێکاری بکەم، چونکە ناچارم بژێویی خێزانەکەم دابینبکەم."
 
زیاندمەندێکی دیکەی رووداوی سووتانی بازاڕەکە، هاونیشتمانیێکە بەناوی بەرهەم، کە لەگەڵ باوکیدا نزیکەی 35 ساڵە لەو بازاڕە کاردەکەن، ئەوان هیچیان بۆ نەماوەتەوە و چاوەڕێی قەرەبووکردنەوەن، ئەگەرنا دەبێت بە قەرز دەستپێبکەنەوە.
 
بەرهەم بە رووداوی گوت "1٪ یان 2٪ـی دووکاندارەکان ئەگەر بتوانن دووکانەکانیان چاکبکەنەوە و دەستپێبکەنەوە. (ئەوانی دیکە) ئەگەر هاوکاری نەکرێن، ناتوانن، مەگەر بەقەرز."
 
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال لەگەڵ نوێنەری دووکاندارەکان کۆبوونەوە و بەڵێنی قەرەبوویان پێدان، کە نزیکەی ملیارێک دینارە.
 
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی دەڵێ "خەمڵاندن بۆ زیانەکان کرا و خرایە بەردەم قوباد تاڵەبانی وەک لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، ئەمڕۆش لەگەڵ نوێنەری دووکاندارەکان کۆبووینەوە، بڕیاردرا لەماوەی کەمتر لە هەفتەیەک دا قەرەبووی دووکاندارەکان بکرێتەوە."
 
بەهۆی رووداوەکەوە ئاسنگەرێکی بازاڕەکە دەستگیرکرا. 
 
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، ئاسنگەرێکی بازاڕەکەیان وەک گومانلێکراو دەستگیرکردووە، بەڵام گوتوویەتی تاوەکو کاژێر 12:00ـی شەو، کاریکردووە و هەموو شتێکی کوژاندووەتەوە، لێکۆڵینەوەش بەردەوامە.
 
بەپێی دوایین راپۆرتی بەرگری شارستانی، زیاتر لە 116 دووکان و چوار خواردنگەی بازاڕی دارەسووتاوەکەی سلێمانی سووتاون.
 
بەهۆی ئەوەی بازاڕەکە یەک سەقفی هەیە و دووکانەکان بە ئاسن و پلێت لەیەکدی جیاکراوەتەوە، ئاگرەکە وایلێکردووە کەڵکی چاککردنەوەیان نەمێنێت، بۆیە دەبێت هەمووی بڕووخێندرێت و سەرلەنوێ دروستبکرێتەوە، تاوەکو ئەوکاتەش نزیکەی 150 کەس ناتوانن بژێوی ژیانیان دابینبکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە