کوردانی فەیلی لە مەندەلی داوای خزمەتگوزاری دەکەن؛ 'ئاوی خواردنەوەمان سوێرە'

06-04-2025
هونەر حەمید
نێو بازاڕی مەندەلی.
نێو بازاڕی مەندەلی.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کوردانی فەیلی لە مەندەلی داوادەکەن قەرەبوو بکرێنەوە و خزمەتگوزارییان بۆ دابینبکرێت. 
 
شوکر عەباس ئەو کاتەی گوندی هەواسی ماڵی باوکی لە مەندەلی رووخا، تەمەنی 13 ساڵ بوو. لە ساڵی 1975 لەگەڵ 77 گوندی دیکە تەعریب کران، بۆ شارەکانی سەر بە پارێزگای بەغدا و دیالە گوێزرانەوە کە زۆرینەیان کوردی فەیلی بوون و نەگەڕانەوە بۆ شارەکە.
 
شوکر عەباس، خانەنشینە و دەڵێت: "لە ساڵی 1975 ئەم خەڵکە هەمووی بۆ بەرەدروز، بەعقوبە و بە‌‌غدا گوێزرانەوە. تاوەکو ئێستاش نەگەڕاونەتەوە. ئەوانە هەمووی فەیلی بوون." 
 
هاونیشتمانیانی ئەو شارە دەڵێن، هێشتا ئاسەواری تەعریب بە شارەکەیانەوە دیارە. خزمەتگوزاریی کەم و تەنانەت ئاوی خواردنەوەشیان نییە.
 
حوسێن عەلای کاسبکارە و دەڵێت: "نە حکومەتی ناوەندی، نە حکومەتی هەرێم هیچی بۆ کوردی مەندەلی نەکردووە. مەندەلی ئێستا جینۆساید کراوە. مەندەلی هیچی تێدا نەماوە.  هیچ خزمەگوزاریی تێیدا نەماوە. خەڵکەکەی کوردیشن، بەڵام ئێستا چوونەتە بەغدا، سلێمانی و بەعقوبە." 
 
عەباس ئیسماعیل، خانەنشینە و ئاماژە بەوە دەدات: "بارودۆخمان نەگۆڕاوە. ئا بەم شێوەیەیە کە دەیبینیت. نە خزمەتگوزاری هەیە، نە بنیاتنان. تائێستا ئاوی شیرینمان نییە، ئاوەکەمان سوێرە. هیچ شتێک نەگۆڕاوە. نە کوردستان نە عەرەبستان هیچیان بۆ ئێمە نەکردووە." 
 
سادر ئەحمەد، پێشمەرگەیە و باس لەوە دەکات: "[کاتی خۆی خەڵکی مەندەلی] بە شەو راگوێزران، بە ئۆتۆمبێلی سەربازی بردیانن. رژێم ئەوانیان برد."
 
مەندەلی لە ساڵی 1947 کراوەتە قەزا و بە یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عێراق دادەنرێت، لە سنووری شارۆچکەی مەندەلی 78 گوندی کورد هەن، زۆرینە کوردی فەیلین و لە ساڵی 1975 بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوون.
 
تەعریبی ساڵی 1975 و هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 دیمۆگرافیای ئەو شارە کوردییەیان بەتەواوی گۆڕیوە. بەپێی ئاماری قایمقامیەتی قەزای مەندەلی، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە نزیکەی 32 هەزار کەس دەبێت کە بەم شێوەیە دابەش بووە؛ عەرەب 20 هەزار، کورد 7 هەزار و تورکمان 5 هەزار.
 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە