رووداو دیجیتاڵ
حەوت لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆکانیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە، سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، هەموو لایەنەکان پێکهێنانی هاوپەیمانییان بە باش زانیووە و پێشنیازەکان لە کۆبوونەوەی داهاتوو دەخرێنەڕوو.
هەریەک لە حیزبی شیوعی کوردستان، پارتی سۆسیال دیموكرات، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتى كرێكاران و رهنجدهرانى كوردستان، پارتی پارێزگارانی کوردستان، یهکێتی نهتهوهیی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان، لە دانوستاندان بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببنە هاوپەیمان.
بەڵێن عەبدوڵڵا، سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: کۆبوونەوەی یەکەممان زیاتر راوێژکاری بوو، بۆ ئەوەی تێڕوانینی هەر لایەنێکی سیاسی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە بزانین، هەر لایەنێکی سیاسی پێی باشبوو لە هاوپەیمانێتییەکە بەشداربێت، دەبێت پێشنیازەکانی خۆی بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو ئامادە بکات.
سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا پێشنیازی یەک لایەنی سیاسیی باسکراوە ئەویش ئەوە بوو؛ هەر لایەنێکی سیاسی لە هەموو بازنەکان بەربژێری هەبێت، بەڵام پێشنیازی ئێمە ئەوەیە؛ لایەنە سیاسییەکان بازنەکان جیابکەینەوە بۆ ئەوەی هێزەکەمان پەرت نەبێت.
3ـی ئاداری 2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. دوای فەرمانەکە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێوشوێنەکانی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دەستپێکرد و رایگەیاند، لە 5 بۆ 14ـی ئادار، حیزب و هاوپەیمانییەکان دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
بەڵێن عەبدوڵڵا، گوتی "ئەگەر هاوپەیمانییەکە سەرکەوتوو بێت، دەتوانین کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنین بەتایبەتی لە هەولێر و سلێمانی، تێکڕای کورسی نزیک دەبێتەوە لە 17 هەزار دەنگ و بەدەستهێنانی کورسی بۆ هەموو حیزبەکان قورسە."
سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی حیزبەکان لەبارەی هاوپەیمانییەکەوە، رایگەیاند "تاوەکو ئێستا وادەی کۆبوونەوەی داهاتووی حەوت حیزبەکە لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکە دیاری نەکراوە."
بەگوێرەی رێکارەکان، هاوپەیمانیێتییەک دەبێت شەش ملیۆن دینار بدات و نابێت پارتێک لە بازنەیەکی دیاریکراو لە یەک کاتدا وەک هاوپەیمانیێتی و وەک پارتیش بەشدار بێت.
سکرتێری حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، دەڵێت: لە هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردن، خۆمان تۆمار کردووە و بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش لە گفتوگۆداین بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی.
بەڵێن عەبدوڵڵا، باسی لەوە کرد، هەڵبژاردن بەشێوازی چوار بازنەیی ئەرکی لایەنەکانی قورسکردووە نەک بە تەنیا ئێمە، بچووکردنەوەی هەڵبژاردنەکە لە چوار بازنەدا هەموو لایەنەکان جۆرێک لە جۆرەکان دەنگەکانیان پەرت دەبێت، بە تایبەت بۆ ئێمە و ئەو حیزبانەی وەک ئێمەن ئەرکەکەمان قورستر دەبێت.
لە خولی پێشوودا؛ پەرلەمانی کوردستان 111 کورسی بوو، کە 11ـیان کۆتای پێکهاتەکان بوون، لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ـی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستوور"ـی پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر، بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراون:
سلێمانی: 38 کورسی
هەولێر: 34 کورسی
دهۆک: 25 کورسی
هەڵەبجە: 3 کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ