وەزارەتی پێشمەرگە: سێشەممە هاوکاریی مانگی ئاداری هاوپەیمانان دابەش دەکرێت

06-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەکانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە، سێشەممە هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی ئادار وەردەگرن.
 
رۆژی یەکشەممە، 6ـی نیسانی 2025، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە 8ـی نیسانی 2025، هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگی سێ، بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەکانى پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای ئەوەی هاوکاریی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، راستەوخۆ دابەش دەکرێت."
 
لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هاوکارییەکان لە مانگێکەوە بۆ مانگێکی دیکە جیاوازن و بڕەکەی جێگیر نییە، چونکە پێشمەرگە زیاد دەبێت و رێکاری گواستنەوەیان دەکرێت، بەڵام لە سەرەتای مانگ تەمویلی هاوکارییەکە دەخرێتە سەر هەژمارەکەمان تاوەکو 7 بۆ 8ـی مانگ دابەشی دەکەین."
 
وەکو بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەرنامەکانی ژمێریاریی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "بۆ ئەم مانگە، زیاتر لە 50 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لەڕێگەی پڕۆژەی 'هەژماری من' هاوکاریی هاوپەیمانان وەردەگرن، ئەوانی دیکەش لەڕێگەی سیستمی بانکییەوە هاوکارییەکان وەردەگرن."
 
لەبارەی بەردەوامیی هاوکارییەکە، لیوا توانا سدیق گوتی، "هاوپەیمانان دڵنیایی تەواویان پێداوین، کە ئەم هاوکارییە بەردەوام دەبێت."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە