کوردستان
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە بازاڕی لەنگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایدەگەیێنێت، راپۆرتی لێکۆڵینەوەی بەرگریی شارستانی لە سووتانی لەنگەی هەولێر ئامادەیە و نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو نێوەڕۆکەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 07-03-2024 موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوو رۆژە راپۆرتی لێکۆڵینەوە لە سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێرمان ئامادە کردووە، لە راپۆرتەکە هۆکاری 100٪ـی ئاگرەکە و قەبارەی زیانەکان تۆمارکراون."
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیار لەوە دەدات کە "ئایا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی راپۆرتەکە بڵاوبکرێتەوە یان بدرێتە راگەیاندنەکان." کاروان میراودەلی دەڵێت، دووشەممە یان سێشەممەی داهاتوو راپۆرتەکە بڵاودەکرێتەوە.
شەوی سێشەممە، 27-02-2024، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، بەپێی راگەیێندراوێکی پارێزگای هەولێر لە ئەنجامی ئاگرەکەدا 166 دووکان سووتان و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچوو.
رۆژی چوارشەممە 06-03-2024 بەرپرسێکی باڵای کارگێڕیی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوە لە سووتانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر بەردەوامە و بەمنزیکانە راپۆرتی لێکۆڵینەوە تەواو دەبێت.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەکەی ئاگرەکە، ئەو بەرپرسە باڵایە گوتی: "یەکێک لە گومانەکان ئەوەیە؛ دووکاندارانی بازاڕەکە ئەو شەوە کاریان لە بازاڕەکەدا کردبێت و کۆسەرەیان بەکارهێنابێت، ئاگرەکە بەو هۆیەوە کەوتووەتەوە، بەڵام ئەوە جارێ تەنیا گومانە و دەبێ چاوەڕێی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە بکەین."
هەروەها شاخەوان کاکە مەم، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەر لە سەرەتاوە ئەو بابەتە هەبووە، ئەو شەوە دوو دووکاندار کاری لەحیمیان کردووە و ناوبڕیان دروست کردووە، نازانم بۆچی حکومەت ئیجرائاتیان بەرامبەر ناکات."
بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کە لە نزیکەی دوو هەزار و 400 دووکان پێکدێت، لە ساڵی 2018ـشدا سووتا. دووکاندارانی بازاڕەکە داوا دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ