رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی شاری هەولێر رایگەیاند، لەم شەوەوە لە کاژێر یەکەوە تاوەکو 6:30ـی خولەکی بەیانی کارەبای موەلیدە ئەهلییەکان نابێت، بەڵام ئەگەر دانیشتووانی گەڕەکێک یان شوێنێک داوا بکەن، دەتوانن کارەبای موەلیدەیان لەو کاتەدا بدەنێ.
شەوی دووشەممە 06-11-2023، ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەکە کە تێیدا هاتووە، "بۆ مۆلیدەکانی سنوری ناوشاری هەولێر، خشتەی کارکردنی موەلیدەکانتان لە 06-11-2023 لە 6:30ـی بەیانی تاوەکو 1:30ـی شەو هەر کاتێک لەم خشتەیە کارەبا نیشتمانی نەبوو دەبێت مۆلیدەکان کار بکەن کارەبا بدەنە هاووڵاتییان."
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی ئەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی کەمن، موەلیدەکان کاژێری زیاتر کاریان دەکرد، ئەمەش بارگرانییەکی زۆرە لەسەر شانی هاووڵاتییان بۆیە ناچار بووین بیر لە ئەلتەرناتیڤێک بکەینەوە، بڕیارماندا لە کاژێر 1:00ـی شەوەوە تاوەکو کاژێر 6:30ـی بەیانی موەلیدەکان بکوژێنینەوە، چونکە لەو کاتانەدا هاووڵاتییان خەوتوون و ئیشیان زۆر بە کارەبا نییە."
لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەدا ئەو گۆڕانکارییە لە کارپێکردنی خشتەی موەلیدە ئەهلییەکان، لەسەر پێشنیازی هاووڵاتییان بووە و رۆژانە پەیوەندییان پێوە دەکەن کە کارەبا لەم کاتەدا زۆر پێویست نییە، بەڵام گوتیشی، ئەگەر گەڕەکێک ویستی لە شەودا کارەبایان هەبێت، دەتوانن لەگەل خاوەن موەلیدە رێکبکەون بۆ ئەوەی کارەبایان پێ بدات.
قارەمان مەولوود پێشبینی کرد، ئەگەر موەلیدەکان لەو مانگەدا بە بەردەوامی و لە کاتی نەبوونی کارەبای نیشتمانی کاریان بکردایە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبا دەگەیشتە نزیکەی 20 هەزار دینار، لە کاتێکدا مانگی رابردوو نرخی ئەمپێرێک کارەبا گەیشتە 13 هەزار دینار.
لێپرسراوی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر باسی لەوە کرد، کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان لە شاری هەولێر بەراورد بە شارەکانی دیکە زیاترە و گوتی، "مانگی رابردوو موەلیدەکانی هەولێر 300 کاژێر کارەبایان داوەتە هاووڵاتییان، بەڵام موەلیدەکانی دهۆک 200 کاژێر و سلێمانی 150 کاژێر کارەبایان دابوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ