لە هەولێر پێدانی کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە و هاونیشتمانییان پارەی زیاتر دەدەنە موەلیدە

23-11-2023
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر کەمبووەتەوە
پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەولێر کەمبووەتەوە
نیشانەکردن کارەبای موەلیدە کارەبا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەهۆی کەمبوونەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ کەمتر لە 10 کاژێر، لە هەرێمی کوردستان خواست لەسەر موەلیدە ئەهلییەکان زیادبووە و بەمەش هاونیشتمانییان لە هەولێر ناچارن پارەی زیاتر بۆ کارەبای موەلیدە خەرج بکەن. 
 
عەبدولستار جەلال، دانیشتووی گەڕەکی ژینی دارەتووە لە هەولێر، گلەیی لە کەمی و خشتەی کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی هەیە.
 
عەبدولستار دەڵێت، "کارەبای نیشتمانی زۆر خراپە ئەوەی هەیە تەنیا کارەبای موەلیدەیە، کارەبای موەلیدەش  مانگی رابردوو نرخی 50 هەزار بووە."
 
مانگی رابردوو موەلیدەی ئەهلییەکانی هەولێر 300 کاژێر کاریان کردووە، نرخی هەر ئەمپێرێک کارەباش 10 بۆ 13 هەزار و 750 دیناربووە.
 
هەوراز عومەر، دانیشتووی گەڕەکی رۆشنبیرییە لە هەولێر و باس لەوە دەکات، "28 ئەمپێر کارەبام هەیە 350 هەزار دینارم پارەی کارەبای موەلیدە داوە مانگی رابردووش ئەمپێری بە 16,500 دیناربووە کە دەکاتە نزیکەی 462 هەزار دینار."
 
عەلی حەسەن، هاونیشتمانییەکی دیکەیە لە هەولێر گوتی، "ئەو کاتانەی پێویستمان بە کارەبای نیشتمانییە کارەبا نییە من لە 12ـی شەو کارەبای نیشتمانیم بۆ چییە؟ زۆربەی کاتەکان کارەبای موەلیدە هەیە."
 
بەپێی خشتەی کارکردنی موەلیدە ئەهلییەکان، لە هەولێر بە تێکرا رۆژانە نزیکەی 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە، ئەو 14 کاژێرەی دیکەی کە دەمێنێتەوە 2200 موەلیدە بەپێی خشتە پڕیدەکەنەوە.
 
هێمن یاسین، ئیشپێکەری موەلیدەیە لە هەولێر دەڵێت، "بەپێی خشتە کار بە موەلیدەکان دەکەین، ئەگەر وابروات ئەم مانگە ئەمپیری دەگاتە سەرووی 14 هەزار دینار."
 
بەپێی ئامارەکانی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر مانگی رابردوو نرخی ئەمپێرێک کارەبای موەلیدە لە هەولێر نزیکەی 14 هەزار، سلێمانی نزیکەی 8 و دهۆکیش 9 هەزار دیناربووە، پشکی شێر لە زۆری نرخ و کەمی کارەبای نیشتمانی بەر هەولێر دەکەوێت.
 
ئەندازیار قارەمان مەولوود، سەرۆکی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، رایگەیاند، لە دابەشکردنی کارەبا حسابی فراوانبوونی شار نەکراوە پێویستە لەو دابەشکردنە رەچاوی هەولێر بکرێت لە کاتەکانی کارەبا، مانگی رابردوو لە موەلیدەکان 300 کاژێر کاریان کردووە لە سلێمانی 150 کاژێر بووە."
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 3400 مێگاوات کارەبا بۆ زیاتر لە 1 ملیۆن و 800 هەزار هاوبەشی کارەبا رۆژانە بەرهەم دەهێندرێت، بەڵام بەپێچەوانەی بەرهەم خواستی هاوبەشان گەیشتووەتە زیاتر لە پێنج هەزار مێگاوات کارەبا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە