بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی پەنجە عەلیی کەرکووک: لیژنەکانی سەرژمێری ئێمەیان تۆمار نەکرد

07-10-2024
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بۆ سەرژمێری لە کەرکووک
گەمارۆسازی و ژمارەلێدان بۆ سەرژمێری لە کەرکووک
نیشانەکردن کەرکووک بارەگای پارتی لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێکی دانیشتووانی گەڕەکی پەنجە عەلیی کەرکووک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەی نەهاتنی لیژنەکانی سەرژمێری بدۆزنەوە.
 
ئەوان سەردانی فەرمانگەی ئاماریان کردووە، بەڵام تائێستا لیژنەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان سەردانی بەشێکی ماڵەکانیان نەکردووە.
 
خەڵکی گەڕەکەکە دەڵێن "لیژنەکان هاتوونەتە بەشێکی گەڕەکەکە، بەڵام بەشێکی ماڵەکانیان تۆمار نەکردووە."
 
مام سەدرەدین لە 2004ـەوە لەم گەڕەکە نیشتەجێیە. باوک و باپیریشی خەڵکی کەرکووکن و سەرژمێریی ساڵی 1957ـیشی هەر کەرکووکە.
 
سەدرەدین حوسێن، دانیشتووی پەنجە عەلی دەڵێ "لیژنەکانی ئامار هاتن تا سەر کۆڵانەکەمان، لەسەر کۆڵانەکە گوتمان 'بۆ نایەنە لای ئێمە؟' کەچی دەڵێن 'ئەمانە دەمێنێ بۆ جارێ دیکە.' لای ئێمەوە چوونە ئەوبەر."
 
بەگوتەی دانیشتووانی ئەم بەشەی پەنجە عەلی، لێکۆڵەر و یاریدەدەرانی ئامار  پێیان راگەیاندوون ئەوان لە هێڵی سوورن، بۆیە جارێ تۆماریان ناکەن.
 
عەبدولقادر نەسرەدین، دانیشتوویێکی دیکەی گەڕەکەکە گوتی "بۆ ئەو بەرەوە هاتوونە و لەمبەرەوە دەڵێن هێڵی سوورە. هێڵی سوور واتای چی؟ نازانم. تائێستا کەس نەهاتووە سەژمێرییەکە بکەن."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی کازم نەسرەدین لە هەمان گەڕەکەوە گوتی "نزیکەی 30 بو 40 کۆڵان نەهاتوون، دەمانەوێ دەنگمان بگاتە بەرپرسێک و بەهانامانەوە بێن و شتێکمان بۆ بکەن. ئەگەر سەرژمێریمان ناکەن با بیزانین. بۆ عەرەب لە بەغدا و بەسرەوە هاتوون، ناویان نووسیوە و لای ئێمە نانووسن."
 
تائێستا زیاتر لە 80% پرۆسەی گەمارۆسازی و ژمارەلێدان لە کەرکووک تەواو بووە، تەنانەت لیژنەکان زیاتر لە جارێک سەردانی هەندێ گەڕەک و ناوچەیان کردووە.
 
لەسەر نیگەرانیی دانیشتووانی ئەو ماڵانەی پەنجە عەلی، رووداو پەیوەندیی بە فەرمانگەی ئامارەوە کرد. بەرپرسی فەرمانگەکە دەڵێ "هیچ شوێنێک بێبەش ناکرێت و لیژنەکان سەردانیان دەکەن." هەروەها ئاگاداری بەرپرسی بلۆکەکانی پەنجە عەلی کردەوە، بچنە ئەو ماڵانە و تۆماریان بکەن.
 
گەڕەکی پەنجە عەلی، یەکێکە لە گەڕەکە کوردییە گەورەکانی کەرکووک، کە لە دوای 2003ـوە لەلایەن ئاوارە گەڕاوەکانی سەردەمی بەعس دروستکرا، ئێستا لە پرۆسەی سەرژمێری دابەشکراوەتە سەر 184 بلۆک.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە