سەرەتای ساڵی داهاتوو دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک رادەستیی پۆلیس دەکرێتەوە

26-12-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن کەرکووک بارەگای پارتی لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاندێکی وەزارەتی ناوخۆ بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی رادەستکردنی دۆسییەی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک بە پۆلیسی فیدراڵی لە کەرکووکن و، بڕیارە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا ئەو دۆسیە لە سوپاوە بدرێتە دەستی پۆلیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند "80٪ـی رێکارەکان تەواوبوون."
 
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ (سێشەممە، 26-12-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ماوەی سێ رۆژ دەبێت شاندێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق هاتوونەتە شاری کەرکووک بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرتێک لەبارەی رێکارەکانی گواستنەوەی دۆسییەی ئەمنی لە سوپاوە بۆ پۆلیسی کەرکووک وەکو ئەوەی لە کارنامەی حکومەتی عێراقدا هاتووە."
 
موقەدەم عامر نووری گوتی "سێ لیژنە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنراون: لیژنەی پڕچەککردن و پێداویستییەکانی چەک و تەقەمەنی لەوە دەکۆڵێتەوە چەند چەکمان هەیە و چیمان پێویستە، لیژنەی فریاکەوتن کە پێویستییەکانی پۆلیسی فریاکەوتن تاوتوێ دەکات، لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، ئەو لیژنانە راپۆرتێک بۆ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیران ئامادە دەکەن،  دواتر رەزامەندی لەسەر دەدات بۆ گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی بۆ پۆلیس."
 
لە ساڵی 2003ـوە تاوەکو ساڵی 2017 دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بەدەستی پۆلیسەوە بوو، بەڵام دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بۆ سەر شاری کەرکووک، دۆسیەکە رادەستی سوپا کرایەوە.
 
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک گوتی، پۆلیسی کەرکووک ئامادەیی تێدایە بۆ وەرگرتنی دۆسیەی ئەمنی. گوتیشی "لەدوای گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنی کەرکووک لە سوپاوە بۆ پۆلیس، سوپا دەچێتە دەرەوەی شار، واتە لە داقووق، دووبز و حەویجە جێگیر دەبن."
 
لەدوای تێکشکاندنی داعش، دۆسیەی ئەمنی شەش پارێزگای عێراق لە سوپاوە رادەستی پۆلیس کراوەتەوە. سەبارەت بە کاتی رادەستکردنەوەی دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بە هێزەکانی پۆلیس، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک گوتی "چاوەڕوان دەکەین لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی داهاتوودا دۆسیەی ئەمنیی کەرکووک بکەوێتە دەستی پۆلیس، چونکە 80٪ـی رێکارەکان تەواوبوون."
 
لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە حکومەتی عێراق بەناوی پرۆسەی سەپاندنی یاسا چووە کەرکووک و لەو کاتەوە لەو پارێزگایە دۆسیەی ئەمنییان لە ئەستۆدایە و چەند جارێک پێکهاتەکان و لایەنە کوردستانییەکان نیگەرانییان لەو بارەیەوە نیشانداوە، چەند جارێکیش گرژی لەنێوان سوپا و گەنجانی کورد روویداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان

فەهمی بورهان: لە دەوروبەری خانەقین، کوڵەجۆ و نەینەوا بەعەرەبکردن بەردەوامە

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لەوەی لە هەندێک ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین و کوڵەجۆ "جۆرێک لە بەردەوامیدان بە بەعەرەبکردن" دەبینن.