پارتی بارەگاکانی لە کەرکووک وەرگرتەوە

05-11-2023
سۆران حوسێن
شاخەوان عەبدوڵڵا لە رێوڕەسمی وەرگرتنەوەی بارەگاکان گوتارێکی پێشکێش کرد
شاخەوان عەبدوڵڵا لە رێوڕەسمی وەرگرتنەوەی بارەگاکان گوتارێکی پێشکێش کرد
نیشانەکردن پارتی کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بارەگاکانی لە کەرکووک وەرگرتەوە، کە لە دوای هێرشەکانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 بۆ سەر کەرکووک، چۆڵی کردبوون.
 
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی 3ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بەرپرسانی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپای عێراق و نوێنەری پارێزگاری کەرکووک، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 5-11-2023) بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی وەرگرتەوە.
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کاتی وەرگرتنەوەی بارەگاکاندا گوتی "ئەمڕۆ بە بڕیاری بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق بارەگای مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک  - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانمان وەرگرتەوە."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیشە گوتی، "بە سوپاسەوە جەنابی سەرۆک بارزانی بڕیاریداوە، ئەم بارەگایە بکرێتە دیاری بۆ زانکۆی کەرکووک، بڕیارێکی زۆر گەورەیە و جێگەی پێزانینی کەرکووکییەکانە، پێشتریش سەرۆک بارزانی هەنگاوی بە ئاراستەی هاوکاریکردنی دامەزراوە زانستییەکان هەبووە."
 
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەرداگیرا و، بەشێکیان دوای ماوەیەک چۆڵکران، بەڵام بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حیزبەکە، سوپای عێراقی تێدا جێگیرکرابوو، کە بڕیارە ئەمڕۆ چۆڵی بکەن.
 
بڕیارە دوای وەرگرتنەوەی باڵەخانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک و رادەستکردنی بە زانکۆی کەرکووک، دواتر بارەگای لقی 3 و باڵەخانەکانی دیکەی حیزبەکە، کە پێش 2017 ناوچەکانی پارتی، یان رێکخراوەکانی سەر بە حیزبەکەی تێدابوون رادەستیان بکرێنەوە.
 
بڕیاربوو لە ئابی ئەمساڵدا پارتی بارەگاکانی لە کەرکووک وەربگرێتەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بە بڕیارێکی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام لە 27ـی ئابدا ژمارەیەک عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکی شارەکە و هەولێریان داخست و لەسەر رێگەکە چادریان هەڵدا و پاساویان ئەوەبوو؛ دژی گێڕانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانن لە کەرکووک.
 
دوای چەند رۆژێک و لە 2ـی ئەیلوول، هاونیشتمانییانی کەرکووک دژی داخستنی رێگەی شارەکەیان و هەولێر خۆپێشاندانیان کرد، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک بە گوللـە وەڵامی خۆپێشاندەرانی کوردیان دایەوە و لە ئەنجامدا چوار کەس شەهیدبوون و 15 کەسیش بریندار بوون.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان هەرچەند بە فەرمی نەگەڕابووەوە کەرکووک، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا لە 10ـی ئۆکتۆبەری 2021، کەمپەینی هەڵبژاردنی لە کەرکووک بەڕێوەبرد و دوو نوێنەری لە پارێزگاکە دەرچوون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو بژمێر لە کەرکووک خێزانێک لە سەرژمێری تۆمار دەکەن. وێنە: رووداو

کوردانی کەرکووک لە ئەورووپاوە بە لێشاو گەڕاونەتەوە بۆ بەشداری لە سەرژمێری

ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی دیاسپۆرانشین بۆ خۆتۆمارکردنیان لە پرۆسەی سەرژمێری گەڕاونەتەوە کەرکووک. دیار کوێخا یەکێکە لەو کوردانە کە 20 ساڵە لە ئەڵمانیا نیشتەجێیە و بۆ سەرژمێری گەڕاوەتەوە