رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "نابێت رێگە بدەین تەعریبچییەکان ببنە رێگەنیشاندەرمان"؛ داواش دەکات پارتی و یەکێتی لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک کۆببنەوە.
سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، "هەوڵەکانی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک درێژەیان کێشاوە و دەبێت بگەڕێینەوە بۆ بەرکەوتەی هەڵبژاردن. ئەو لایەنانەی شەڕی ئەوە دەکەن چەند مانگێک پارێزگار بن، چەندین ساڵە بە ناهەق پۆستی پارێزگاریان لایە و نابێت ئێمە بچینە ژێر ئەو بارەوە، هەرچەندە ناکۆکیش لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبێت".
سەعدی پیرە گوتی، "هەرگیز پەیوەندیی کورد - کورد ناگاتە ئەوەی دۆخی کەرکووک بخەینە مەترسییەوە. ئێمە یەک حیزب نین و پێشتریش ناکۆکیمان هەبوو و لە داهاتووشدا ناکۆکیمان دەبێت. ئێمە دوو حیزبی رکابەری یەکدین، بەڵام خاڵی هاوبەشمان هەیە و کەرکووکیش پرسێکی هاوبەشە".
بەگوێرەی خاڵی یەکی بڕگەی حەوتی مادەی حەوتی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ناڕێکخراو لە هەرێمدا ژمارە 21ـی ساڵی 2008، پارێزگار و دوو جێگرەکەی بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەن لە ماوەیەک کە 30 رۆژ لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەوە تێنەپەڕێت، هەڵدەبژێردرێن.
سەعدی پیرە گوتی، "پێویستە پارتی و یەکێتی لە چەند رۆژی داهاتوودا بە دڵێکی فراوانتر لە ئاستی سەرکردایەتی کۆببنەوە بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک هەڵبژێردرێت کە نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات. کورد 8 ئەندامی هەیە (لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک) و لایەنگرێکی زۆر و فراوانیشی هەیە". ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ ئەو دۆخەی ئێستا کەرکووکی تێکەوتووە، گەورەییە هەر لایەنێک داوای کۆبوونەوەیەکی کوردی-کوردی بکات. نابێت رێگە بدەین تەعریبچییەکان ببنە رێگەنیشاندەرمان. کورد و کورد کۆببنەوە، پرسەکە لە تەنگژە دەردەکات".
سەبارەت بە داواکاریی نەتەوەکانی دیکە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک، سەعدی پیرە گوتی، "دەبێت پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنێین ئەو خەسڵەتانەی تێدابێت بۆ کەرکووک پێویستن، ئینجا ئەو کەسە یەکێتی بێت یان یەکێتی نەبێت. دەبێت پارێزگارێکی کورد دەست بە کاربێت کە بتوانێت نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات و ئاسەواری تەعریب و تەبعیس لە کەرکووک نەهێڵێت".
گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە بەشێک لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای نەینەوا بێ پارتی کراون، رایگەیاند، "کاتێک پارتی بە هیمەتی خۆی بەرپرسی چەندین یەکەی کارگێڕی بوو، یەک مودیر و یەک فەڕاشی بۆ یەکێتی بە رەوا نەدەبینی، ئەگەر ئەوکات پارتی براگەورەیی لە موسڵ کردبایە و بەڕێوەبەری ناحیەیەکی بە یەکێتی بدایە، ئەوە قسەیەکی دیکەمان دەبوو".
رۆژی 11ـی تەمموزی 2024، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا، بەو پێیە رۆژی 10ـی ئاب ئەو 30 رۆژە کۆتایی دێت کە لەبەردەم ئەنجوومەنەکەدایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی، بەڵام یاساکە چارەسەرى یاسایی بۆ ئەوە نەدۆزییەوەتەوە کە ئەگەر لە 30 رۆژدا پارێزگار هەڵنەبژێردرێت چ هەنگاوێک دەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ