رووداو دیجیتاڵ
دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 80%ی تێپەڕاندووە.
عەلی عەباس زیاب، بەرپرسی راگەیاندنی نووسینگەی کەرکووکی دەستەکە، ئەمڕۆ شەممە 12ی نیسانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەی تۆماری بایۆمەتری لە کەرکووک زیاتر لە 80% و رێژەی دابەشکردنی کارتە بایۆمەترییەکانیش زیاتر لە 90%یان تێپەڕاندووە."
عەلی عەباس زیاب ئاماژەی بەوەش کرد، نووسینگەی دەستەکە لە تۆمارکردنی ئەو کەسانە بەردەوامە کە مافیان دەبێت بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەم ساڵ بکەن؛ ئەوەشی خستەڕوو، "نووسینگەی دەستەکە لە کەرکووک تیمە گەڕۆکەکان دەنێرێت بۆ قوتابخانەکان، ئەوەش بە مەبەستی تۆمارکردنی زۆرترین ژمارەی لەدایکبووانی نوێ."
25ی ئاداری 2025 پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکرد، کە بۆ مانگێک بەردەوام دەبێت و 1079 ناوەند بۆ ئەو مەبەستە لە سەرانسەری عێراقدا کراونەتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمان دیاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ