رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێت، 35 هەزار ناوی دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کراون؛ دەشڵێت: "تەنیا پێشمەرگە و بەشێکی خانەنشینان ماون کارەکانیان تەواو بێت".
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەر رێکارەکانی وەرگرتنی زەوی و وردبینی لە ناوەکانیشیان تەواوکراوە و ئامادەن بۆ وەرگرتنی زەوی".
بە گوتەی سەربەست مەولوود، 35 هەزار ناوی دیکەی فەرمانبەران بۆ وردبینی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە؛ گوتیشی: "ئەوەی مابێت بۆ وەرگرتنی زەوی، پێشمەرگە و بەشێکی خانەنشینانن کە لەبەردەستماندان".
بڕیاربوو سەرەتای ئەم مانگە و بۆ یەکەم جار ناوی نزیکەی 10 هەزار پێشمەرگە بۆ وردبینی وەرگرتنی زەوی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ناوەکان رەوانە نەکراون.
لەبارەی ناوی پێشمەرگەکانەوە، بەڕێوەبەری هۆبەی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی گوتی: "رێکارەکانیان تەواو نەبوون، بۆیە نەنێردراون، بەڵام بە ئەگەری زۆر لە رۆژانی داهاتوودا و هەر لەم هەفتەیەدا ناوەکانیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەین".
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر و لە 27ـی ئاداری 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
لە قۆناخی یەکەمی تیروپشک و دابەشکردنی زەویدا، کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەولێر 5 هەزار پارچە زەوی، لە سلێمانی 6 هەزار و 577، لە دهۆک هەزار، زاخۆ هەزار و 241 پارچەزەوی و لە گەرمیان دوو هەزار و 474 پارچە زەوی دابەشکران.
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت و دابەشکردنەکەش بە تیروپشک و بە گوێرەی سیستمی خاڵبەندی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ