رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی راگەیاند، سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ هەولێر و "کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان رەهەندی سیاسیی گەورە لەخۆدەگرێت."
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 12ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و یەکەم کۆبوونەوەی لە پیرمام لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کرد.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی سەردانەکەی سوودانی بە رووداوی راگەیاند، "سەردانەکەی سەرۆکوەزیران لە چوارچێوەی ئەو بنەما هاوبەشیەدایە کە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو پرۆسەی سیاسی هەیە."
بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵدەدات پەیوەندییەکی دووقۆڵیی سەقامگیر لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت و گەرەنتی و ئاماژەی سیاسی ئەرێنی بدات."
لەبارەی گفتوگۆی کۆبوونەوەکان، نووسینەگەکە دەڵێت، "سەرۆکوەزیران گفتوگۆ لەبارەی دۆسیە هاوبەشەکان دەکات و سەردانەکە دەرگایەکی نوێی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کردەوە."
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، "لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا، هەروەها جەختیش لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە."
هەر بەپێی راگەیێندراوی بارەگای بارزانی، پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ