لە سیدەکان گولـلەتۆپێک بە دایکێک و دوو منداڵدا تەقییەوە و یەکێکیان گیانی لەدەستدا

12-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان بەهۆی تەقینەوەی مین، کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون. بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "دوو بریندارەکە تەندروستییان جێگیرە."

رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، لە ناوچەی ''کەوەرت''ـی قەزای سیدەکان، سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران روویداوە. هەژار حەکیم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بریندارەکان گەیێندرانە نەخۆشخانەی ئاشتیی سۆران، بەڵام یەکێکیان تەندروستیی ناجێگیر بوو، لە رێگەی نێوان شەقڵاوە-هەریر لەکاتی گواستنەوەی بۆ هەولێر گیانی لەدەستدا.
 
ئەو مێرمنداڵەی گیانی لەدەستداوە ناوی ئەلەند تەحسین و تەمەنی لەنێوان 12 بۆ 14 ساڵ بوو. 
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "دوو بریندارەکە تاڕادەیەک تەندروستییان جێگیرە، لە نەخۆشخانەی سۆران هەموو چارەسەرێکی پێویستیان بۆکراوە."
 
هاوکات جەبار مستەفا، سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەوانەی مین پێیاندا تەقییەوە؛ دایکێک و دوو کوڕی بوون، بۆ هێنانی گیای بەهارە چووبوونە ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان، گولـلەتۆپیان بینیبوو، دەستیان لێدا و پێیاندا تەقییەوە". 
 
سەرۆکی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "چەند مانگێکە ئێمە بەردەوام رێنمایی بڵاودەکەینەوە، تاوەکو هاووڵاتییان دوور بکەونەوە لەو شوێنانەی مینڕێژکراون و ئاگادارییان لێ هەڵواسراوە، بەڵام خەڵک پابەند نابن."
 
وەکو جەبار مستەفا گوتی، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە شەش کەس بەهۆی تەقینی مین لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، پێنج کەسیش بریندار بوون، بە کۆی گشتی 11 رووداو هەبووە."
 
ئەم ساڵ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شەش رووداوی تەقینی مین و تەقەمەنییەکانی دیکە روویانداوە؛ بەهۆیانەوە سێ هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکەش بریندار بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بژمێرێک لەکاتی کارکردن لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پلاندانان: عێراق هۆکاری دواکەوتنی شایستە دارایییەکانی بژمێرەکانە

ئەمڕۆ بژمێرەکانی سەرژمێری گردبوونەوە داوای دامەزراندن و شایستە دارییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی 2024یان کرد. وەزارەتی پلاندانان دەڵێت، "بەردەوام بەدواداچوونمان بۆ داواکاریی بژمێرەکان کردووە."