رووداو دیجیتاڵ
تێکچوونی دۆخی سووریا، عێراقی دراوسێی ناچار بە تووندکردنی رێکارە ئەمنییەکان لەسەر سنوور کردووە. سوپا و حەشدی شەعبی بە چەکی قورس و سووکەوە خۆیان گەیاندووەتە سەر سنوور لە قائیم.
بەرپرسە عێراقییەکان نکوڵی لەوە ناکەن کە دۆخی سووریا کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت، بەڵام دەڵێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو هەڕەشەیەک ئامادەن.
قاسم موسلیح، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار دەڵێت، "ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش بۆ چاودیریی و پاڵپشتیی پاسەوانی سنوور دەرچووین.
خوانەخواستە هەر جموجۆڵێک هەبێت، وەڵامی زۆر تووندمان بۆیان دەبێت، تائێستا هیچ مەترسییەک یان دەستدرێژییەک لەسەر سنووری عێراقدا نییە، هیچ چەکدار و کەسێک نەگەیشتووەتە سەر سنوورمان، بەڵام دەبێت ئێمە ئەو ئامادەکارییانەمان هەبێت بەر لەوەی دووژمن بگات".
دانانی دیواری کۆنکرێتی، پەرژینی بی ئاڕ سی، تەلبەندکردن، کامێرای گەرمی بینین، تاوەری چاودێری، خەندەق بە قووڵی و پانی سێ مەتر، ساتری خۆڵ، بەکارهێنانی درۆن ئەو رێکارە ئەمنییانەن عێراق بۆ خۆپارێزی لەسەر سنووری گرتوویەتیە بەر.
ئەحمەد نەسروڵڵا، سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار دەڵێت، "لەدوای جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی لە ناوچەکە و کۆماری عەرەبی سووریای برامان روویدا کە زۆر بەداخەوەین بۆی، پێویست بوو ئامادەییمان بۆ هەر ئەگەرێک هەبێت و بتوانین پارێزگاری لە ناوچە ئازادکراوەکانمان بکەین لەهەر دەستدرێژی، کوشتن و بڕینێک. ئێمە بەو دۆخەی ئەوان رۆشتووین لە ساڵی 2014، پشتیوان بە خوا پێیدا ناڕۆینەوە، هێزە ئەمنییەکان بۆ هەر بارودۆخێک لە ئامادەباشیدان.
رووبەری سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان زیاتر لە 600 کیلۆمەترە، فەرماندەیی پاسەوانی سنوور دەڵێت، بە نزیکەیی 80٪ی ئەو رووبەرەیان بە بەرزیی سێ مەتر بە دیواری کۆنکرێتی گرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ