رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینڤانێکی شیعە دەڵێت، کورد رۆڵێکی گەورەی لە بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراق هەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دیالۆگ دەتوانێت زۆر لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات.
مەرتەزا مەعاش، لێکۆڵینڤانی شیعە، لە دیداری دیالۆگی نەجەف – هەولێر 2 کە ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو ئەمڕۆ (21-12-2024) لە نەجەف رێکیخستووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم دیدارانە گرنگن، چونکە دەبنە بنیادنانی پرۆسەی لێکتێگەیشتن، مامەڵەی ئاشتی و میانڕۆیانە لەنێوان خەڵک. ئەوەش پێکەوەژیانێکی قووڵ فەراهەم دەکات".
مەرتەزا مەعاش گوتی، "کورد فاکتەرێکی سەرەکییە لە عێراق و رۆڵێکی گەورەی لە پرۆسەی بەدیهێنانی سەقامگیری هەیە. ئەو سەقامگیرییەش لە رێگەی لێکتێگەیشتن بەدیدێت. دیالۆگ و لێکتێگەیشتن زۆر گرنگن و زۆر لە ئاستەنگییەکان لادەبەن".
مەرتەزا مەعاش گوتی،"پەیوەندیی زۆر پتەو لەنێوان کورد و شیعە هەیە. ئێمەش بەرپرسین لە پتەوترکردنی ئەو پەیوەندییە".
لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و رۆڵی مەرجەعیەت، ئەو لێکۆڵینڤانە گوتی، "دیالۆگ دەتوانێت زۆر لەو کێشانە چارەسەر بکات. دیالۆگ لەسەر ئاستی پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دیپلۆماسییەتی جەماوەری گرنگە. ئەو لێنزیکبوونەوە و دیالۆگانە گوشار لەسەر سیاسییەکان دروست دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
ئەمە دووەمین دیداری دیالۆگی نەجەف – هەولێرە، دوای ئەوەی دیداری یەکەم لە دوای ساڵی 2019 لە هەولێر رێکخرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ