بەڕێوەبەری گشتیی رووداو: کەرکووک بە گێڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەبێتە شاری پێکەوەژیانی راستەقینە

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو.
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو داوا لە مەرجەعییەتی نەجەف دەکات کە بە بڕیارێکی ''هەقپەرستی'' کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''کورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە تاوەکو ئێستاش لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی دەچەوسێندرێتەوە''.
 
ئەمڕۆ شەممە، 21-12-2024، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بە هاوبەشیی ناوەندەکانی ''النبا، نارامسین و ریواق بەغداد'' دیدارێک بە ناونیشانی "زنجیرە دیالۆگی پێکهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان: دووەمین دیداری نەجەف – هەولێر" لە شاری نەجەف بەڕێوەدەبات.
 
زنجیرە دیالۆگەکە بە گوتاری ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دەستیپێکرد کە تێیدا باسی لە چەندین پرس کرد، لەوانەش پێویستی باشترکردنی پەیوەندییەکانی کورد و شیعە و گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
 
ئاکۆ محەممەد رایگەیاند: ''جێگەی دڵخۆشییە کە ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو دەتوانێت ئەمڕۆ (21-12-2024) بۆ جاری دووەم لە ساڵی 2019ـوە ئەم دیالۆگە رێکبخات''.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو دیدارەکەی بە گرنگ ناوبرد و گوتی، ''ئێرە [نەجەف] شوێنی رادەربڕینی زۆرلێکراوانە. ئەم کۆبوونەوەیەش کۆنگرەیەکی فەرمی نییە، بەڵکو کۆنگرە و کۆبوونەوەی دەستەبژێرێکی ئازادە کە هەموویان دەتوانن بەناوی خۆیانەوە نەوەک بە ناوی دەزگا و حیزبەکانیان بە ئازادی لەسەر پەیوەندی کورد و شیعە بئاخڤن''
 
ئاکۆ محەممەد باسی لەوە کرد، ''کورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە تاوەکو ئێستاش لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی دەچەوسێندرێتەوە و لە مافەکانی بێبەش دەکرێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو جەختی لەوە کردەوە کە ''دەبێ مەرجەعیەتی نەجەف دادپەروەری رابەری چەوساوەکان ئیمام حوسێنی شەهید بەرامبەر کورد نیشانبدات.''
  
ئاکۆ محەممەد گوتی، ''نەهێشتنی چەوسانەوە، زۆرلێکردن و ناهەقی کاری ئەوانەیە کە کار بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە و زۆرداری دەکەن، رێبازی ئەهلی بەیت و ئیمام حوسێن ئەوەیە. لەبەرئەوە دەبێ شیعە بەر لە هەموو کەسێک پشتیوانی لە نەتەوەی کورد و کوردستان بکەن.''
 
''بە هەقپەرستی کەرکووک بگەڕێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان''
 
ئاکۆ محەممەد باسی لە بەعەرەبکردنی کەرکووک کرد و گوتی، ''کەرکووک لە ساڵی 1961ـوە نێوەڕۆکی کێشەی کورد لە عێراقدا پێکدەهێنێت. ئەگەر کێشەی کەرکووک چارەسەر نەبێت، کەواتە کێشەی کورد لە عێراق چارەسەر نەبووە.''
 
بەڕێوبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئەوەشی خستەڕوو کە ''ژمارەیەکی یەکجار زۆر عەرەب لە چەند کاتێکی جیاوازدا بە پێدانی پارەی زۆر و زەوی برانە کەرکووک. بەشێکی ئەو عەرەبانەیش شیعە بوون. ئێستا بەهۆی ئەو بەعەرەبکردنەوە هێشتا هەزاران جووتیار، گوندنشین و شارنشینی کورد زەوییەکانیان زەوتکراون، ئەوەش چەوساندنەوەیەکە هیچ کەسێکی هاوسۆزی چەوساوەکان قبووڵی ناکات.''
 
ئاکۆ محەمەد ئاماژەی بە رێککەوتننامەی 11ـی ئادار کرد کە تێیدا بۆ یەکەمجار حکومەتی عێراق رازیبوو بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و دەڵێت، ''سەدام حوسێن لە رێککەوتننامەی 11ـی ئاداردا لە ساڵی 1970 تاوەکو 1974 یاری بە کێشەی کەرکووک کرد و ئەوەی لە رێککەوتننامەکەدا هاتبوو بەرامبەر کەرکووک جێبەجێی نەکرد و شەڕی هەڵگیرساندەوە، دواییش بووە مایەی ماڵوێرانی ئەو کات و شەڕی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی هەشت ساڵ''.
 
لە ساڵی 2003 و دوای نەمانی دەسەڵاتی بەعس، چارەسەری کێشەی کەرکووک خرایە مادەی 58ی دەستووری کاتیی عێراقەوە، بەڵام دووبارە جێبەجێنەکرا. بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، گرفتەکە لە دەستووری هەمیشەییشدا خرایە مادەی 140 و ''دەبووایە تاوەکو 2007 جێبەجێبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە و هەر یاری پێدەکرێت.''
 
ئاکۆ محەممەد جەختی لەوە کردەوە، شیعە لە ساڵی 2003ەوە دەسەڵاتدار و بڕیادەری یەکەمە لە عێراق و گوتی، ''ئەوە بۆ پەیوەندیی نێوان کورد و شیعە باش نییە و بۆ ئایندەی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق باش نییە. دەبێت چەوساوە و زۆرلێکراوەکان لە هەموو کاتەکاندا پشتیوانی لە یەکدی بکەن''. 
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو رووی دەمی کردە لێڤەگەری (مەرجەعییەت) نەجەف و گوتی، ''ئێوە دەزانن کەرکووک کوردستانە. ئەو مافەی لە سیاسەت و لای سیاسییەکان یاری پێدەکرێت و دەشاردرێتەوە، لای ئێوە هەروەک ماف و هەق دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە هەقپەرستییە ئەگەر ئێوە بە بڕیار و پاراستنی بنەمای هەقپەرستی ماف بگێڕنەوە بۆ خاوەن ماف، ئەویش گێڕانەوەی کەرکووکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.''
 
ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەگەری گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ''هەروەک هەولێر بەشێوەیەکی راستەقینە دەبێتە شاری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کورد، عەرەب، تورکمان و مەسیحییەکان.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیای رووداو هۆشداری دەدات، ئەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە لەرزۆکە، ''بەڵام ئەو کات [گەڕانەوەی کەرکووک بۆ هەرێمی کوردستان] دەبێتە دۆخێکی سەقامگیر و بەهێز. ئێمە لە شاری فریادڕەسی چەوساوەکان ئەم داوایە لە ئێوەی بەڕێز دەکەین.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە پەیوەندیی ''سەرۆکی شۆڕشی کوردستان''، مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ مەرجەعییەتی شیعە کرد و گوتی، ''زۆر بەهێزبووە. زۆر پێویستە ئەو پەیوەندییە بەهێزە بمێنێتەوە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی نەتەوەی چەوساوەی کورد.''
 
ئاکۆ محەممەد ناوی هەردوو مەرجەعی گەورەی شیعە سەیید موحسین حەکیم و سەیید محەممەد باقر سەدری هێنا و گوتی، ''زۆر بەڕێزەوە [ناویان] چووەتە نێو مێژووی کوردستانەوە بە هەڵوێستیان لەسەر حەرامکردنی هێرشکردنە سەر کوردستان و شەڕی کورد.''
 
ئاکۆ محەممەد باسی لە هەڵوێستەکانی مەرجەعی شیعە عەلی سیستانیش کرد لەبارەی پاراستنی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی داعش، ''بەڵام چاوی نەتەوەی کورد لەوەیە ئەو زۆردارییە لەسەر کورد لابدات لە کەرکووک و دڵی چەوساوەکانی کورد لە کەرکووک خۆش بکات بە گێڕانەوەی مافی ئەو جووتیارانە و مافی نەتەوەی کورد لەو پارێزگایەدا.
 
لە دیدارەکەدا گفتوگۆی تێروتەسەل لەبارەی پەیوەندیی پێشووی نێوان کورد و شیعە، هەروەها پەیوەندییەکانی ئێستا و داهاتوویان دەکرێت. 
 
دیدارەکە یەک رۆژ دەخایێنێت و سەتان رۆشنبیر، کەسایەتی، بەرپرسی کورد و شیعە کاریگەریی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی کورد و شیعە لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و تێڕوانینی هەردوولا بۆ داهاتووی عێراق گەنگەشە دەکەن، راسپاردە ئامادە دەکەن و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری دەکەن.
 
دەقی گوتارەکەی ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی رووداو
 
جێگەی دڵخۆشییە کە ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو دەتوانێت ئەمڕۆ (21-12-2024) بۆ جاری دووەم لە دوای ساڵی 2019وە ئەم دیالۆگە رێکبخاتەوە. سوپاسی هەموو رێکخەران و بەشدارانی ئەم دیالۆگە دەکەم. سوپاسی هاوکاری ناوەندی لێکۆڵینەوەی نون دەکەم. 
 
دڵخۆشین کە ئەمڕۆ لە پایتەختی ئیمام عەلی کوڕی ئەبی تالیبین خوا لێی رازیبێت. ئێرە شوێنی رادەربڕینی زۆرلێکراوانە، ئەم کۆبوونەوەیەش لەبەرئەوەی کۆنگرەیەکی فەرمی نییە، بەڵکو کۆنگرە و کۆبوونەوەی دەستەبژێرێکی ئازادە کە هەموویان دەتوانن بەناوی خۆیانەوە نەک بە ناوی دەزگا و حیزبەکانیان بە ئازادی لەسەر پەیوەندی کورد و شیعە بئاخڤن، لەبەرئەوە بە باوەڕی من کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگە.  
 
شیعە خۆیان بە زۆرلێکراو دادەنێن، ئیمام حوسێنیش خوا لێی رازی بێت بە زۆرلێکراوی شەهید کرا، پەیامی ئیمام حوسێن و باوەڕەکەی بریتییە لە پشتیوانیکردن لە چەوساوان و زۆرلێکراوان. کورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە کە تائێستاش لەسەر خاکی هەزاران ساڵەی دەچەوسێندرێتەوە و لە مافەکانی بێبەش دەکرێت. دەبێ هەڵوێستی شیعە، شوێنکەوتووانی ئیمام حوسێن، هەڵوێستی ئەهلی بەیت و هەڵوێستی مەرجەعیەتی نەجەف بەرامبەر کورد چۆن بێت؟ ئایا ئەو هەڵوێستەی ئێستا بەرامبەر کورد هەیە لەلایەن شیعەوە هەڵوێستێکی رەوایە؟ ئایا مەرجەعەکانی شیعە و مەرجەعیەتی نەجەف هەر دەتوانێت ئەوە بکات کە کردوویەتی یاخود باوەڕەکەیان دەیکاتە ئەرک لەسەریان کە بە رادەی پێویست و رەوا پشتیوانی لە کورد و کوردستان بکەن وەک نەتەوە و وڵاتێکی چەوساوە؟ بەزەیی و هەقپەروەری ئیمامی شەهید زۆر لەوە زیاترە کە کورد ئێستا لە مەرجەعیەتی نەجەف و مەرجەعەکان دەیبینێت. بێگومان پەیڕەوکاری راستەقینەش ئەوەیە کە لە هەقپەروەری و دادپەروەری و بەزەیی رابەرەکەی بەرامبەر خەڵک و چەوساوەکان و خاوەن مافەکان کەم نەکاتەوە. ئەو پەیڕەوکارانەی دەست و دڵکراوە نەبن لە نیشاندانی بەزەیی و دادپەروەری رابەرەکەیان، زیان بە رێباز و باوەڕەکەیان دەگەیێنن. دەبێ مەرجەعیەتی نەجەف بەزەیی و دادپەروەری رابەری چەوساوەکان ئیمام حوسێنی شەهید بەرامبەر کورد نیشانبدات.  
 
نەهێشتنی چەوسانەوە، زۆرلێکردن و ناهەقی کاری ئەوانەیە کە کار بۆ نەهێشتنی چەوسانەوە و زۆرداری دەکەن، رێبازی ئەهلی بەیت و ئیمام حوسێن ئەوەیە. لەبەرئەوە دەبێ شیعە بەر لە هەموو کەسێک پشتیوانی لە نەتەوەی کورد و کوردستان بکەن .
 
لێرەدا بە دیاریکراوی لەسەر خاڵێکی زۆر روون دەوەستم ، ئەویش کەرکووکە . کەرکووک لە ساڵی 1961ـەوە نێوەڕۆکی کێشەی کورد پێکدەهێنێت لە عێراقدا، ئەگەر کێشەی کەرکووک چارەسەر نەبێت کەواتە کێشەی کورد لە عیراق چارەسەر نەبووە.
 
بەعەرەبکردنی کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی پاشایەتی لە عێراق، بەڵام رژێمی بەعس و سەدام حوسێن بەعەرەبکردنیان زۆر سیستماتیکتر و فراوانتر کرد، ژمارەیەکی یەکجار زۆر عەرەب لە چەند کاتێکی جیاوازدا بە پێدانی پارەی زۆر و زەوی هێنرانە کەرکووک، بەشێکی ئەو عەرەبانەیش شیعە بوون. ئێستا بەهۆی ئەو بەعەرەبکردنەوە هێشتا هەزاران جوتیار و گوندنشین و شارنشینی کورد زەویەکانیان زەوتکراون، ئەوەش چەوساندنەوەیەکە هیچ کەسێکی هاوسۆزی چەوساوەکان قبوڵی ناکات.
 
سەدام حوسێن لە رێککەوتننامەی 11ـی ئاداردا لە ساڵی 1970 تاوەکو 1974 یاری بە کێشەی کەرکووک کرد و ئەوەی لە رێککەوتننامەکەدا هاتبوو بەرامبەر کەرکووک جێبەجێی نەکرد و شەڕی هەڵگیرساندەوە، دواییش بووە مایەی ماڵوێرانی ئەوکات و شەڕی لەگەڵ ئێران بۆ ماوەی 8 ساڵ . لە ساڵی 2003 دا چارەسەری کێشەی کەرکووک خرایە مادەی 58ی دەستووری کاتیی عێراقەوە و جێبەجێنەکرا، لە دەستووری هەمیشەیی خرایە مادەی 140ـەوە و دەبووایە تاوەکو 2007 جێبەجێبکرێت تائێستا جێبەجێنەکراوەو هەروا یاری پێدەکرێت. شیعە لە ساڵی 2003وە تائێستا دەسەڵاتدار و بڕیادەری یەکەمن لە عێراق دا، ئەوە بۆ پەیوەندیی نێوان کورد و شیعە باش نییە و بۆ ئایندەی ئاشتی و سەقامگیری لە عێراق دا باش نییە. چەوساوە و زۆرلێکراوەکان دەبێ لە هەموو کاتەکاندا پشتیوانی لە یەکتر بکەن. 
 
من وەک کەسێکی بەشدار لەو دیالۆگەدا، بەناوی تایبەتی خۆمەوە وەک کەس رووی ئاخافتنەکەم دەکەمە مەرجەعیەتی بەڕێزی نەجەف: ئێوە کەسی زانا و شارەزان و هەقپەروەرن، زانیاری لەسەر کوردستان زیاتر لە هەموو شوێنێک لە کتێب و فەرهەنگی نووسەرانی سەردەمی دەسەڵاتدارێتییە ئیسلامییەکان دا هەیە، ئێوە دەزانن کەرکووک کوردستانە، ئەو مافەی لە سیاسەت و لای سیاسییەکان یاری پێدەکرێت و دەشاردرێتەوە، لەلای ئێوە هەروەک ماف و هەق دەمێنێتەوە، لەبەرئەوە هەقپەرستییە ئەگەر ئێوە بە بڕیار و پاراستنی بنەمای هەقپەرستی ماف بێگڕنەوە بۆ خاوەن ماف ، ئەویش گێڕانەوەی کەرکووکە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئەوکاتیش کەرکووک هەروەک هەولێر بەشێوەیەکی راستەقینە دەبێتە شاری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کورد،عەرەب، تورکمان و مەسیحییەکان. ئەو دۆخەی ئێستا لە کەرکووک هەیە لەرزۆکە، بەڵام ئەوکات دەبێتە دۆخێکی سەقامگیر و بەهێز. ئێمە لە شاری فریادرەسی چەوساوەکان ئەم داوایە لە ئێوەی بەڕێز دەکەین.  
 
پەیوەندی سەرۆکی شۆڕشی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ مەرجەعیەتی شیعە زۆر بەهێزبووە، زۆر پێویستە ئەو پەیوەندییە بەهێز بمێنێتەوە لەسەر بنەمای پاراستنی مافی نەتەوەی چەوساوەی کورد . ناوی هەردوو مەرجەعی گەورە سەید موحسین حەکیم و سەید محەممەد باقر سەدر زۆر بەڕێزەوە چووەتە ناو مێژووی کوردستانەوە بە هەڵوێستیان لەسەر حەرامکردنی هێرشکردنە سەر کوردستان و شەڕی کورد. هەڵوێستەکانی مەرجەعی گەورە سەید عەلی سیستانی زۆر گرنگ بوونە لە پاراستنی ئاشتی و بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەڵام چاوی نەتەوەی کورد لەوەیە ئەو زۆردارییە لەسەر کورد لابدات لە کەرکووک و دڵی چەوساوەکانی کورد لە کەرکووک خۆش بکات بە گێڕانەوەی مافی ئەو جووتیارانە و مافی نەتەوەی کورد لەو پارێزگایەدا . 
دڵنیام ئەو دەستەبژێرەی لە کورد و شیعە بەشدارن لەم دیالۆگەدا خاڵ و تەوەری گرنگیان هەن بۆ گفتوگۆ لەسەر کردن، هیوادارم دیالۆگێکی راشکاوانە و سەرکەوتووبێت.  
 
 
   
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە