رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، چوونە سەر شەقام و گوتیان حەوت ساڵە داوادەکەین مووچەمان بخرێتە سەر بەغدا، لە بودجەدا داواکە رەتکراوەتەوە، بەڵام وازناهێنین تاوەکو داواکارییەکەمان جێبەجێ دەکەن.
زیاتر لە حەوت ساڵە مامۆستا سەیران و ژمارەیەک مامۆستای دیکەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، گرووپی مامۆستایانی ناڕازییان دروستکردووە و ماوەماوە خۆپیشاندان دەکەن.
لەگەڵ خۆپیشاندانی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، گرووپەکەی ئەمانیش بەشدارییان کرد، دژی رەتکردنەوەی گواستنەوەی راژەکانیان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا.
مامۆستا سەیران بەهادین، ئەندامی گرووپی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێ "من، 32 ساڵە مامۆستام، لە 2014ـەوە خۆپیشاندان دەکەین، دەردەچین و دێینە سەر شەقام، کەس گوێی لێنەگرتووین، ئەم مامۆستایانەی ئەمڕۆ بەزۆر هێندراون بۆ ئێرە، لەو چەند ساڵە بهاتنایە، ئێستا ئێمە مافی خۆمان وەردەگرت".
مامۆستایانی خوێندنی کوردی ئەمجارە بازنەی خۆپیشاندانەکەیان فراوانتر کرد و چوونە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە کەرکووک. ئەگەرچی خواستەکەیان لە پڕۆژەیاسای بودجەدا رەتکراوەتە، بەڵام هیوایان بەوەیە رێککەوتنی باڵای سیاسی کاریان ئاسان دەکات، ئەگەر هەوڵی بۆ بدرێت.
رێزان ئەحمەد، بەرپرسی یەکەی چالاکی وەرزشی پەروەردەیی دەڵێ داواکارییەکەیان "کراوەتە سیاسی بۆیە بە سیاسی چارەسەر دەکرێت، هەر بە سیاسیش رەتکراوەتەوە".
بەختیار سەعید، مامۆستایەکی بەشدار لە خۆپیشاندانەکەی رۆژی 14ـی ئەم مانگەی کەرکووک دەڵێ "داوامان وایە لە سەرۆکوەزیران و پەرلەمانتاران، بەم بڕیارەدا بچنەوە، چونکە مافی خۆمانە بچینەوە سەر بەغدا".
عامر جەلال، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دەڵێ "هەرێمی کوردستان ئێمەی دامەزراندووە، دەستخۆشی لێ دەکەین، بەڵام ئێمە خەڵکی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانین، مافی خۆمانە لەسەر بەغدا بین".
پەرلەمانتارانی سوننە بەتوندی دژی ئەو بڕگەیەی بودجە وەستانەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرابوو راژەی مامۆستایانی ناوچە دابڕێنراوەکان بگوازرێتەوە سەر بەغدا و، نەیانهێشت بخوێندرێتەوە و تێپەڕێندرێت.
نوێنەرێکی کەرکووک لە پەرلەمان سەبارەت بەو بڕگەیە دەڵێ "سەرجەم لایەنە کوردییەکانیش لە جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە جددی نەبوون" بۆیە بەنیازن لە دادگای فیدراڵی تانە لەو بڕگەیە بدەن کە لە مادەی پانزەدایە.
سەباح حەبیب، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق گوتی "سەرەتا کە حکومەت پێکهێنرا، سەرۆکی حکومەت هاتە پەرلەمان و سوێندی خوارد، بڕگە بڕگە دەنگ بە کارنامەکەی درا، یەکێک لەو بڕگانە گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی کوردستان بووە، ئێمە هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر لەبەردەم دادگای فیدراڵی، سەردانی سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکان دەکەین".
تۆڕی میدیایی رووداو لەسەر ئەو پرسە پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە کرد، بەرپرسی خوێندنی کوردی لە وەزارەتەکە رایگەیاند "ئەستەمە گواستنەوەکە بکرێت، چونکە لەبودجەدا رەتکرایەوە و تەنیا ئەگەر رێککەوتنی باڵای هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدای لەسەر بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ