رووداو دیجیتاڵ
چوونی زیارەتکارانی شیعە مەزهەبی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کەربەلا و نەجەف لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لەوانەش حاجی ئۆمەران و باشماخ، دەستیپێکرد.
محەممەدسادق موعتەمدیان، پارێزگاری ورمێ رایگەیاند، چوونی زیارەتکاران بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بە دەروازەی حاجی ئۆمەراندا لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دەستیپێکردووە. دەشڵێت، دەروازەکە 24 کاژێر کراوە دەبێت، بەڵام لە کاژێر 07:00ی بەیانییەوە تاوەکو 06:00ی ئێوارە رێگە دەدرێت زیارەتکاران بپەڕنەوە.
ئیرەج ئازادی، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکارییان کردووە بۆ پەڕینەوەی رۆژانە 20 هەزار زیارەتکار و لە دەروازەکە پێداویستیی تەندروستی و خزمەتگوزاریی پێویست بۆ زیارەتکاران ئامادە کراوە.
هەروەها ئیسماعیل ئەحمەدی، قایمقامی مەریوان رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە تاوەکو کاژێر 01:00ی دوانیوەڕۆ رێگەیان بە چوونی زیارەتکاران بۆ کەربەلا داوە و لە بەیانییەوە بە فەرمی دەستپێدەکات. ئیسماعیل ئەحمەدی دەڵێت، رۆژانە توانای بەڕێکردنی سێ تاوەکو پێنج هەزار گەشتیاریان هەیە و لەسەر رێگەی مەریوان بۆ باشماخ، خزمەتگوزاریی تەواو بۆ پێشوازی لە زیارەتکاران دابینکراوە.
پێشبینی کراوە ئەمساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێنج ملیۆن کەس بەشداری لە رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێندا بکەن. ئەمساڵ بۆ یەکەمجار، رێگە دەدرێت لەڕێگەی هەرێمی کوردستانیشەوە زیارەتکاران سەردانی کەربەلا و نەجەف بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ