رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لە دەوروبەری هەولێر، کە باوکی دوو منداڵە و پیشەی پێشمەرگە بووە، دوای ئەوەی لە رووداوێکی هاتووچۆدا نیوەی جەستەی لەکاردەکەوێت، ژیانی پەیوەست دەبێت بە کورسییەکی نیڤشکانانەوە، ئەوەندەش دواخەمی نابێت، بەڵکو ئەوە 10 ساڵە چاوەڕوانی مووچەیە، چونکە مووچەی پێشمەرگایەتیی بڕاوە و هاوشێوەی هەزارانی دیکە مووچەی نیڤشکانانیشی پێنادرێت.
ئەو گەنجە کە خۆی قسە بۆ رووداو دەکات و لەسەر داوای خۆی، رووخساری نیشان نادرێت، لە گەڕەکێکی دەوروبەری هەولێر دەژی، پێش ئەوەی ببێتە نیڤشکان پیشەی پێشمەرگە بووە، بەڵام دوای ئەوەی بەسەری هات، نە مووچەی پێشمەرگایەتی پێدەدرێت نە هیچ سەرچاوەیەکی بژێویی هەیە، تەنانەت مووچەیەک کە 150 هەزار دینارە و بە نیڤشکانەکان دەدرێت، ئەویشی بۆ نەبڕاوەتەوە بە بیانووی نەبوونی بودجە و قەیرانی دارایی.
سەبارەت مووچەی نیڤشکانییەکەی، گەنجەکە دەڵێ "زۆری بەسەردا چوو، گوتیان دەبێت نووسراوەکە نوێ بکەیتەوە، ئەوەی لە کۆندا کراوە، دەبێت نوێ بکرێتەوە. دووبارە نووسراوم نوێکردەوە و ناوم نەگەڕاوەتەوە. تەنیا منیش نیم، زۆرین".
لە کۆمەڵەی ژینی کوردستان، 20 هەزار نیڤشکان (خاوەن پێداویستیی تایبەت) ئەندامن.
مەسعوود ئەنوەر، سەرۆکی کۆمەڵەی ژینی کوردستان سەبارەت بە مووچەی ئەو نیڤشکانانە دەڵێ "تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرەکیی (پێنەدانی مووچە) وەک بە ئێمەیان راگەیاندووە، نەبوونی بودجە بووە، بەڵام ئەوەش هەر نابێتە بیانوویێکی بەهێز چونکە پێویستە و وەکو گوتم؛ ژیان بە خێر و سەدەقە بەڕێوەناچێت".
لەو ژمارەیەی تاوەکو ئێستا پشکنینیان بۆ کراوە، هێشتا ئەو کەسانەی نابینا، نابیست، شیزۆفرینیا و نەخۆشی جەستەییان هەیە، هیچکامیان پشکنینیان بۆ نەکراوە و دیارنییە کەی دەست بە پشکنینی رێژەی نیڤشکانییان دەکرێت.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێ "ناوی زیاترمان لایە، رەنگە تائێستا لەگەڵ ئەو 10 هەزار کەسەی پێشتر گەیشتبێتە 20 هەزار کەس، بەڵام هەمووی لیژنە نەیبینوە، بۆیە لیژنەکانی ئێمە ماوەیەک راوەستان لە ئیشکردن، لەم هەفتەیەدا دیسان دەستپێدەکەنەوە".
ژمارەی نیڤشکانە تۆمارکراوەکان لە هەرێمی کوردستان کە ئێستا مووچەی مانگانە لە وەزارەتی کار وەردەگرن 76 هەزار و 651 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ