زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان گەیشتە زیاتر لە 2.6 ملیار دۆلار

25-06-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن مووچە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێ مانگی تەواو بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی تێدەپەڕێت، بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو لەو  ماوەیەدا قەبارەی زیانەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەهۆی راگرتنی نەوتەوە زیاتر لە دوو ملیار 650 ملیۆن دۆلار بووە. سەرۆکی رێکخراوێکی تایبەت بە وزە دەڵێت "بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، تورکیا سێ مەرجی هەیە و عێراقیش دەیەوێت ئەم بابەتە زیاتر دوابکەوێت".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 25-6-2023، سێ مانگی تەواو بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تێدەپەڕێت، رۆژی 25ـی ئاداری 2023، عێراق سکاڵاکەی تورکیای بردەوە و تورکیا بە پێدانی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە.
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو زیانەکانی راگرتنی نەوتی کوردستان لەو رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 25ـی حوزەیرانی 2023، واتە لە ماوەی 92 رۆژدا دەگاتە زیاتر لە 2 ملیار و 653 ملیۆن و 720 هەزار دۆلار.
 
هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەیەوە نیوەی زیاتری داهاتەکانی لەدەستداوە، بۆیە کێشە بۆ مووچەی مووچەخۆرانیش دروست بووە.
 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕە نەوتەی لە یاسای بودجەی 2023ـی عێراق دیاریکراوە، هەرێمی کوردستان هەناردەی بکات و بەهای بەرمیلی نەوتی رۆژانە، زیانەکان بەپێی مانگەکان بەمشێوەیە بوون: 
 
زیانەکانی شەش رۆژی مانگی ئادار 
 
بەپێی یاسای بودجەی عێراق؛ دەبێت هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، لە مانگی ئاداردا عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە 79 دۆلار فرۆشتووە، بەو پێیە لەو شەش رۆژەی ئەو مانگەدا دەبووایە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەکردبا، رۆژانە 31 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار زیانی لێکەوتووە، کە کۆی زیانەکانی لەو شەش رۆژەدا دەگاتە زیاتر لە 189 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار.
 
زیانەکانی مانگی نیسان
 
بەدرێژایی مانگی نیسان، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیرابوو. عێراق لە مانگی نیساندا هەر بەرمیلێک نەوتی بە 74 دۆلار فرۆشتووە، زیانەکانی رۆژانەی هەناردەنەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو مانگەدا 29 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار بووە، کە لە مانگێکدا دەکاتە 880 ملیۆن دۆلار.
 
زیانەکانی مانگی ئایار
 
لەمانگی ئایاردا، بەپێی داتاکانی رەشنووسی بودجە، دەبووایە هەرێمی کوردستان 12 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل هەناردە بکات، لەو مانگەدا هەر بەرمیلێک نەوتی عێراق بە 71 دۆلار و 30 سەنت فرۆشراوە، بەو پێیە هەرێمی کوردستان و عێراق  884 ملیۆن و 120 هەزار دۆلار زیانیان لە ئەنجامی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان پێگەیشتووە.
 
زیانەکانی مانگی حوزەیران
 
25 رۆژی لە مانگی حوزەیران تێدەپەڕێت و هێشتا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستیپێنەکردووەتەوە، هەرچەندە بەهای نەوت لەم مانگەدا بە ناجێگیری مایەوە، بەڵام ئەگەر بە تێکڕا بەهای هەر بەرمیلێک نەوت 70 دۆلار هەژماربکەین، ئەوا لەو 25 رۆژەدا هەرێمی کوردستان و عێراق رۆژانە بڕی 28 ملیۆن دۆلار زیانیان بەرکەوتووە، کۆی زیانەکانی ئەو 25 رۆژە دەگاتە 700 ملیۆن دۆلار.
 
وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نادیارە
 
رۆژی یەکشەممە، 25-6-2023 سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە حکومەتی عێراق لەبارەی گوتوێژەکانی نێوان حکومەتی عێراق و تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، بە رووداوی گوت "هێشتا وادەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆوە  نادیارە، لەگەڵ تورکیا گوتوێژ بەردەوامە، ناتوانین بڵێین شکستیان هێناوە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی پێنجشەممەی یەکەمی ئەم مانگە (1ـی حوزەیرانی 2023) حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ رادیۆی مەربەد، یەکێک لە رادیۆ لۆکاڵییەکانی پارێزگای بەسرە گوتی "بڕیارە لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا هەناردەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە".
 
راگرتنی نەوتی کوردستان کاریگەریی لەسەر بیر و کێڵگە نەوتییەکان و ئەو نەوتەش دادەنێت کە لەو بیرانەوە بەرهەمدەهێنرێن، شارەزایانی بوارەکە دەڵێن "ئەگەر (راگرتنی دەرهێنانی نەوت) زۆرتر بکێشێت، کوالێتی نەوتەکە دادەبەزێت".
 
بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023، عێراق رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، لەو بڕە 400 هەزار بەرمیلی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەهای بەرمیلێک نەوتیش بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە.
 
رۆژی یەکشەممە، 25-6-2023، زورغام مالیکی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند هێشتا وادەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دیارنییە.
 
ئەو پەرلەمانتارە، کە پێیوایە تورکیا دەیەوێت عێراق لەو بابەتەدا "سازش"ـی بۆ بکات، بە رووداوی گوت "پێویستە نەوتی کوردستان بەرهەمبهێنرێت، ئیدی بە هەناردەکردن بێت، یان بۆ بەکارهێنانی نێوخۆیی، بەڵام پێناچێت ئەم بابەتە ئاوا ئاسان بێت".
 
هەرچەندە رۆژی 25ـی مانگی ئاداری 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس راگیرا، بەڵام رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام دوای 92 رۆژ، هێشتا دەستی پێنەکردووەتەوە.
 
رۆژی 19ـی ئەم مانگە، شاندی عێراق و تورکیا لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە بەغدا کۆبوونەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، هۆکارەکەش بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەوەیە؛ هەردوولا لەسەر چەند بابەتێک ناکۆک بوون، لەوانە، بابەتی بۆریی نەوت یەکێک بووە لە کێشەکان، عێراق جەختی لەوەکردووەتەوە لەوکاتەوەی هەناردەکردنی نەوت راگیراوە، ئامادەنییە پارەی کرێی بۆریی نەوتی نێو خاکی تورکیا تاوەکو بەندەری جەیهان بدات، کە بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان پێویستە کرێی بۆری بدات، بەڵام عێراق دەڵێت لەبەرئەوەی هەناردەکردنی نەوت بە بڕیارێک راگیراوە، ئەوا کرێکەی نادات، هەرکاتێک هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، ئامادەیە کرێی ئەو بۆرییە بدات. 
 
"تورکیا سێ مەرجی هەیە"
 
رۆژی یەکشەممە 25-6-2023، یادگار سدیق گەڵاڵی، سەرۆکی رێکخراوی روونبین بۆ شەفافیەت لە پرۆسەکانی نەوت، لەگەڵ ئەوەی جەختدەکاتەوە کە هیچ وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان دیارنییە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بەشێکی پاڵنەری سیاسیی هەیە و بەشێکی دیکەی بەهۆی بەرزهێشتنەوەی بەهای نەوتە".
 
سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، یادگار سدیق گەڵاڵی گوتی: "تورکیا دەیەوێت لە دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بەزۆرترین قازانجەوە دەربچێت و لەبەر سێ هۆکار نایەوێت دەستپێبکاتەوە، یەکەم ئەوەیە دەیەوێت داشکانی لە بەهای بەرمیلی نەوتی بۆ بکرێت، دەیەوێت ئەو ماوەیەی هەناردەی نەوتی تێدا راگیراوە بۆی قەرەبووبکرێتەوە و عێراق دەستبەرداری قەرەبووکردنەوەی ببێت، هەروەها خاڵی سێیەم دەیەوێت عێراق واز لەو سکاڵایەی دیکە ببێت کە کردوویەتی".
 
ئەو شارەزایەی نەوت پێیوایە بەشێک لە هۆکاری ساخنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و دەڵێت "روونە عێراق دەیەوێت هەرێمی کوردستان زیاتر لەبەردەم کۆمپانیا بیانییەکان شەرمەزار بکات، بەهای نەوتیش لە بەرزیدا بهێڵێتەوە، چونکە خستنەڕوو کەمدەبێتەوە، جگە لەوە دەیەوێت کۆمپانیا نەوتییەکان زیاتر ئامادەبن بۆ وتوێژکردن لەگەڵی".
 
هەروەها دەڵێت "لانیکەم عێراق لەم قۆناخەدا دەتوانێت بە هەرێمی کوردستان بڵێت دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت بکاتەوە بۆ ئەوەی لەرێگەی پاڵاوگەکانەوە بۆ پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و شوێنی دیکە بەکاربهێنرێت، بەڵام دیارە نایەوێت ئەمە بکات و هۆکارەکانیش دیارن".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.