نەوت و کانزاکان: نەوتەکەی حکومەتی عێراق گەیشتە هەولێر و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت

04-01-2024
نازەنین گۆران
نیشانەکردن دابەشکردنی نەوت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر رایگەیاند، بەشێک لە نەوتەکەی حکومەتی عێراق گەیشتە هەولێر و رۆژانە هەنگاو بە هەنگاو ئەوانەی دیکەش دەگات و لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024 ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەزارەت دەسەڵاتی بە پارێزگاکان داوە بۆ ئەوەی هەریەک بەگوێرەی بارودۆخی پارێزگاکەی، دەست بە دابەشکردنی نەوت بکات، بەڵام بڕەکەی و نرخەکەی هێشتا یەکلانەبووەتەوە کە ئایا هەر خێزانێک 100 یاخود 200 لیتری پێدەدرێت، چونکە دەمانەوێت زۆرترین خێزان لێی سوودمەند بێت، بۆیە یەکشەممەی داهاتوو بڕیار لەوبارەوە دەدرێت."
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر، سەرەتا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەن و دەشڵێت، "بە دڵنیاییەوە نرخی نەوتی حکومەتی عێراق بە 50 هەزار دینار نابێت، چونکە دوو کرێ دێتەسەر و  هەر بە خۆی بۆ خەرجی بریکار و دوو کرێیەکە نرخەکەی دەچێتە نزیکەی 60 هەزار دینار، بەڵام ئەوانە جێگیر نەکراون هەفتەی داهاتوو بڕ و نرخەکەشی جێگیر دەکرێت."
 
لە هەنگاوی یەکەمدا حکومەتی عێراق بڕیاری لەبارەی ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هەرێمی کوردستان داوە، ئاری کاکەشین دەڵێت، "ئەوە بۆ هەموو پارێزگاکانە و رۆژانە بەش بەش بەدەستمان دەگات، بەڵام بەشی هەموو هاووڵاتییان ناکات."
 
جگە لە نەوتەکەی حکومەتی عێراق، ساڵی پار وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەستی بە دابەشکردنی نەوت کرد. بەگوێرەی دوایین ئامار کە وەزارەتەکە رۆژی سیشەممە 02ـی ئەم مانگە بڵاویکردووەتەوە، تاوەکو سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی 207 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشکردووە بەمشێوەیە؛ هەولێر زیاتر لە 90 ملیۆن لیتر؛ سلێمانی نزیکەی 72 ملیۆن لیتر و دهۆک نزیکەی 44 ملیۆن لیترە. 
 
هاوکات وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان گوتیشی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک خێزان لە وەرگرتنی نەوتی سپی سوودمەندبوونە، کە دەکاتە زیاتر لە 80%ـی کۆی ژمارەی خێزانەکانی هەرێمی کوردستان و رێژەی سوودمەندبووان بەمشێوەیە؛ هەولێر نزیکەی 94%، سلێمانی: نزیکەی 69% و دهۆک زیاتر لە 79%. 
 
ئاری کاکەشین دەڵێت، "97٪ـی ئەو نەوتەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی کراوە تەواوبووە و بەسەر هاونیشتمانیان دابەشکراوە، ئەوەی دیکە کە پێ دەگوترێت موتەفەریقە ئەوەش بەردەوامە و خەڵک بێت پێیان دەدرێت و هیچ کێشەیەکمان نییە، تەنیا ئەوە نەبێت؛ بەمدواییە خەڵک کەمتر دێتە پێشەوە و خواستیان لەسەرە."
 
460 هەزار خێزان لە هەولێر تاوەکو ئێستا نەوتی وەرگرتووە و ئاری کاکەشین دەڵێت، "کەمتر لە 20 هەزار خێزان ماون نەوت وەربگرن."
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیش، تاوەکو دوێنێ (چوارشەممە 03-1-2024) لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەرین و گەرمیان 72 ملیۆن و 317 هەزار لیتر نەوت بەسەر نزیکەی 365 هەزار خێزان دابەشکراوە.
 
سەلام عومەر، ئەندامی لیژنەی دابەشکردنی نەوت لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، تاوەکو ئێستا نەوتی حکومەتی عێراقیان بە دەست نەگەیشتووە، بەڵام بڕیارە ئەمڕۆ بڕێک لەو نەوتەیان بەدەست بگات، هەموو رێکارەکان تەواوبوون و چاوەڕوانن ئەمڕۆ بۆیان باربکرێت.
 
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دابەشکردنی نەوت لە ناوچەشاوییەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەستیپێکرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە 200 لیتر بێت، 104 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگرێت، کە چوار هەزاری بۆ کرێی گواستنەوەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تاوەکو دوای سەری ساڵ مامەڵەکانی هاونیشتمانییان رادەگیرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە مامەڵەکانی هاووڵاتییان رادەگرێت تاوەکو دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرەتای ساڵی نوێ.