کەشناسیی عێراق: ناوەڕاستى هەفتەى داهاتوو پلەى گەرما بەرز دەبێتەوە

21-03-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی عێراق پێشبینى کرد لە چەند رۆژى داهاتوودا ئەگەری بارانبارینێکی کەم لە هەرێمى کوردستان هەیە، ناوەڕاستى هەفتەى داهاتووش پلەى گەرما بەرز دەبێتەوە.
 
ئەمڕۆ هەینى 21ـی ئادارى 2025، عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێشبینی دەکرێت ئەمشەو لەگەڵ چەند رۆژى داهاتوودا ئەگەری باران بارینێکی کەم هەبێت بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکانى هەرێمى کوردستان و رۆژهەڵاتى عێراق، بەڵام بەگشتى کەشوهەوا نیمچەهەور دەبێت. 
 
بەگوێرەى پێشبینى دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، رۆژى شەممە 22ـی ئادارى 2025، بەسرە و زیقار بە 26 پلەى سیلیزى گەرمترین پارێزگا دەبن، پارێزگاى دهۆکى هەرێمى کوردستان ساردترین دەبێت بە 14 پلەى سیلیزى و ئەگەرى بارانبارین لەو پارێزگایە هەیە. 
 
عامر جابری پێشبینی دەکات لە ناوەڕاستى هەفتەى داهاتووەوە پلەى گەرما لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەرزببێتەوە.
 
پێشبینى دەزگاکە بۆ کەشوهەواى ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئەگەرى بارانبارین لە  هەر سێ پارێزگاکەى هەرێمى کوردستان و کەرکووک هەیە.
 
هەر ئەمڕۆ هەینی بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پێشبینی کردووە، لە ناوچەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان وەک (پارێزگای سلێمانی،هەڵەبجە، پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سۆران و ئیدارە ی گەرمیان. نمە باران و بارانی مامناوەند ببارێت بە تایبەت لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆ. هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنووریەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی هەرێم ئەگەری بەفربارینی کەم هەیە.
 
سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژی شەممە، پێشبینی دەکرێت، ئاسمان نیمچە هەور بێت و لە هەندێك ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، لە سنووری پارێزگای دهۆک كەمێك نمەباران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەكانی باكوور ئەگەری بەفربارینی کەم  هەیە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە