رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نوێنەرایەتیی ئەنەکەسە لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پەیەدە و ئەنەکەسە لەسەر کاخەزێکی هاوبەشی کوردی گەیشتوونەتە رێککەوتن و لە دوای جەژن [ـی نەورۆز] رایدەگەیێنن.
جەدعان عەلی بەرپرسی نوێنەرایەتیی ئەنەکەسە بە رووداوی گوت، پەیەدە و ئەنەکەسە بەر لە کۆبوونەوەیان، هەر لایەکیان دوو رەشنووسی تایبەت بە خۆیان پێشکێشی یەکدی کردبوو، بەڵام لە کۆبوونەوەی دواییدا بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان و مەزڵووم عەبدی، رێککەوتن لەسەر خاڵەکانی رەشنووسەکە کرا و ئێستا یەک کاخەزی کوردی هەیە.
لەبارەی کاتی راگەیاندنی رێککەوتنەکە، جەدعان عەلی گوتی، هەر دوو لایەن رێککەوتوون کە دوای راوێژکردن، لە ماوەیەکی نزیکدا لە دوای جەژن رێککەوتنەکە رابگەیێنن.
رۆژی 18-3-2025، کۆبوونەوەی پەیەدە و ئەنەکەسە لە حەسەکە بەڕێوەچوو. ئەوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، "ئەرێنی بوو".
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی راگەیاند، کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی کۆتاییھات و لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنی کوردی رادەگەیێندرێت.
ئەوە یەکەم جار بوو پارتی یەکێتیی دیموکرات- پەیەدە و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە لە پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد کۆببنەوە.
پەیەدە و ئەنەکەسە دوو لە جەماوەریترین حیزبی رۆژئاوای کوردستانن.
پەیەدە باڵی سەربازیی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگەی هەیە و پێکهێنێکی سەرەکیی نێو هێزەکانی هەسەدەن کە دەوروبەری 14 ساڵە ئاسایشی رۆژئاوای کوردستانی لەژێر دەستدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ