رووداو دیجیتاڵ
لە ئاهەنگی نەورۆز لە ئامەد پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی خوێندرایەوە. لە پەیامەکەیدا پشتیوانی لە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەکات و رایگەیاند: "هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت."
سەرۆک بارزانی ئاشتی "بە تاکە رێگەی راست و دروستی تێپەڕاندنی کێشەکان" دەزانێت. رایگەیاند: جەخت لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و پەیامی ئاشتیخوازانە دەکەینەوە.
سەرۆک بارزانی باسی لە دۆخی رۆژئاوای کوردستانیش کرد و گوتی، "بەو هیوایەین كۆتایی بە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا بێت و كورد بە هەڵوێستێكی هاوبەش و بە رێكاری ئاشتییانە لەگەڵ لایەنەكانی دیکەی سووریا بگەنە ئەنجامێك كە لە خزمەتی هەموو لایەكدا بێت."
ئەم ساڵ ناوی نەورۆزی ئامەد، نەورۆزی ئازادییە. دەیان هەزار هاونیشتمانی لە ئامەدی باکووری کوردستان گردبوونەتەوە و ئاهەنگی گەورەی جەژنی نەورۆز بەڕێوەدەچێت.
لە ئاهەنگی ئەم ساڵ دا، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوێندرایەوە. تاوەکو ئێستاش یەکلایی نەبووەتەوە کە ئایا پەیامی ئۆجەلان دەخوێندرێتەوە یان نا.
سەرۆک بارزانی رایەگەیاند: "پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو رۆڵەكانی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەم." هەروەها لەبارەی رەوەندی کوردییەوە کە ساڵانە لە لە دەرەوەی کوردستان ئاهەنگی جەژنی نەورزۆ دەگێڕن و گوتی، "دەمەوێت بەگەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە رەوەندی کوردی و لەو ملیۆنان کوردە بکەم کە بە هەستێکی بەرزەوە و دوور لە خاکی نیشتمان، جەژنی نەورۆز بەبەرزی رادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵێم کە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان."
دەقی پەیامەکە:
نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، بەهار و نوێبوونەوە و ئازادییە، نەورۆز واتای ژیانێکی تازە و موژدەی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکی و زووڵم دەدات. بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی نەورۆز لە هەموو رۆڵەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم. پیرۆزبایی لە هەموو ئەو نەتەوانە دەکەم کە نەورۆز بووەتە بەشێک لە کولتوور و دابونەریتیان. لێرەدا دەمەوێت بەگەرمی پیرۆزبایی نەورۆز لە رەوەندی کوردی و لەو ملیۆنان کوردە بکەم کە بە هەستێکی بەرزەوە و دوور لە خاکی نیشتمان جەژنی نەورۆز بەبەرزی رادەگرن و بەهاکانی نەورۆز بە هەموو جیهاندا بڵاودەکەنەوە، پێیان دەڵیم کە ئێوە هەمیشە لە هزر و ویژدانی ئێمەدان. خۆشی و جەژنەکانتان درێژکراوەی خۆشی و جەژنەکانی ئێمەیە، جێگەی شانازییە کە دەبینین لە نەورۆزدا ئاڵای ئازادی و شکۆ بەرزدەکەنەوە، زۆر خۆشحاڵم کە لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز سازدەکرێت و سۆزی خۆتان بۆ وڵاتەکەتان دووپاتدەکەنەوە. ئێوە دەنگ و رەنگی گەلەکەتانن و دەستخۆشیتان لێدەکەم. لە رۆژی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا بەشانازییەوە جەخت لە فەرهەنگی پێکەوە ژیان و پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان دەکەینەوە. هەر لەو سۆنگەیەشەوە پشتیوانی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە تورکیاین. هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت و ئاشتی بە تاکە رێگەی راست و دروستی چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانین. هەر لەو بۆنەیەدا بەو هیوایەن کۆتایی بە ئێش و ئازارەکانی کورد لە سووریا بێت. کورد بە هەڵوێستێکی هاوبەش و رێکارێکی ئاشتییانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی سووریا بگەنە ئەنجامێک کە لە خزمەتی هەموو لایەک دابێت. هیوادارم نەورۆزی ئەمساڵ ببێتە دەستپێکێک بۆ ئاسوودەیی و خۆشی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بە گشتی، ئەو نەورۆزە و هەموو جەژنەکانیان لە کامەرانی و ئاشتیدا بەڕێ بکەن. ئومێدی ئەوە دەخوازم گەلانی ناوچەکە بتوانن لەژێر سایەی ئارامی و سەقامگیریدا لە کەشێکی ئاشتییانە و برایانە دا بژین. نەورۆزتان پیرۆز، بمێنن بەخێر و خۆشی.
مەسعود بارزانی
30ـی رەشەمێ 2725 کوردی
2025ـی زایینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ