عومرەکارێکی دیکەی کورد لە سعودیە گیانی لەدەستدا

21-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سێیەم هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان کە بۆ عومرە لە مانگی رەمەزاندا چوونەتە سعودیە گیانی لەدەستدا. بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت، ئەم ساڵ 9 هاونیشتمانی لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
 
دوایین هاونیشتمانی کە لە سعودیە گیانی لەدەستدا، ناوی سەمیر محەممەد مەجیدە و دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو عومرەکارە پێشتر نەخۆشیی دڵی هەبووە و تەمەنی 65 ساڵ بووە، دوای ئەوەی تەندروستیی تێکچووە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، دوێنێ گیانی لەدەستداوە.
 
دووەم هاونیشتمانی کە لە عومرە گیانی لەدەستدابێت 19ـی ئەم مانگە بووە، هەروەها یەکەم هاونیشتمانی 15ـی رەمەزان لە سعودیە گیانی لەدەستدا.
 
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، نۆ هاونیشتمانی عومرەکار لە سعودیە گیانیان لەدەستداوە.
 
بە گوتەی کاروان ستوونی، مردنی هاونیشتمانییان بە هۆکاری بڵاوبووونەوەی نەخۆشی یان هۆکاری هاوشێوە نییە، گوتیشی "لەو 9 کەسەی ئەم ساڵ لە سعودیە مردوون، هەشتیان بە مردنی ئاسایی بووە، ئەوی دیکەشیان بە هۆکاری رووداوی هاتووچۆوە بووە." 
 
لەبارەی ئامارەکانیشەوە، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەم ساڵ ئاماریان کۆنەکردووەتەوە، بەڵام ساڵی رابردوو نزیکەی 70 هەزار هاونیشتمانی عومرەیان کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە