رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان, پرسەنامەیەک ئاراستەی کەسوکاری ئەو پزیشکە دەکات کە ئەمڕۆ هەینی لە دەڤەری بارزان گیانی لەدەستدا و دەڵێت، ئەو پزیشکە دووجار تووشی رووداوی هاتووچۆ بووە و لە رووداوی دووەم گیانی لە دەستداوە.
رووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئادار روویداوە. ئەو پزیشکەی گیانی لەدەست دا ناوی قەحتان جیهاد سوورچییە و پزیشکی نیشتەجێی خولاو بووە.
رۆژی هەینی 21-03-2025 د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی سەرەخۆشیدا بۆ کەسوکاری نەخۆشەکە رایگەیاندووە، ئەو پزیشكە لەکاتی ئەرکی فەرمی لە نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسۆر بۆ گواستنەوەی نەخۆشێکی برینداری ناحیەی شێروان مەزن بۆ نەخۆشخانەی گشتی بلێ بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن (ئەمبوڵانس) لە نزیک گەلی ئەشکەفتێ تووشی رووداوی پێکدادانی هاتووچۆ دەبن، دیسان دەستبەجێ بە ئۆتۆمبێلێکی دیکەی ئاسایی دەگوازرێنەوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە، بەو هۆیەوە ئەو پزیشکە گیانی لەدەستداوە، هەروەها کارمەند، شوفێر و هاوەڵانی بریندار بوونە.
وەزیری تەندروستی سەبارەت بەو پزیشکەی گیانی لەدەستداوە، دەڵێت: "خوالێخۆشبووی جوانەمەرگ، پزیشکی نیشتەجێی خولاو بوو لەشاری هەولێر، دۆستانە لەگەڵ هاوپیشەکانی زۆر بە رێکوپێکی و دڵسۆزانە کار و ئەرکەکانی پیشەیی پێشکەش بە نەخۆشان و هاووڵاتیان دەکرد."
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هاووڵاتییەک لە ناحیەی شێروان مەزن بریندار دەبێت و دەبرێتە نەخۆشخانەی مێرگەسۆر، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی بلێ دەگوێزرێتەوە و لە رێگەدا ئەمبوڵانسەکە تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت.
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وێڕای سەرەخۆشی رایگەیاند، دکتۆر قەحتان وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو بووە بۆ ئەم مانگە دەوامی فەرمی لە نەخۆشخانەی قەزای مێرگەسۆر بووە و ئەندامی سەندیکا بووە.
لقی هەولێری سەندیکای پزیشکان دەڵێت: "پزیشکی خوالێخۆشبوو هەر لە دەستپێکی ژیانی پزیشکیدا وەکو پزیشکی نیشتەجێی خولاو خاوەن بەهای بەرزی پزیشکی و دڵسۆزی و ئەمەکداری بووە بەرانبەر نەخۆش و هاوپیشەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ