رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێیت کە "هەموومان پشتیوانی" یاسای چاکسازین، بەڵام یاساکان لە هەرێمی کوردستان "گرفتی جێبەجێکردنیان" هەیە. هەروەها د. رێواز فایەق، حکومەت تۆمەتبار دەکات بەوەی "دەیەوێت دەستکاریی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری بکات"، بەڵام ئەو دەڵێت: "رێگە نادەم لە خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستکاریی ئەو یاسایە بکرێت."
رۆژی شەممە 03-09-2022، د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی سلێمانی و هەڵەبجە کۆبووەوە و رایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسایی مافی بەدەستهێنانی زانیاری دەرناکات و "دەیانەوێت دەستکاری یاساکە بکرێت منیش رێگە نادەم لە خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستکاریی ئەو یاسایە بکرێت."
"یاساکان لە هەرێمی کوردستان گرفتی جێبەجێکردنیان هەیە"
سەبارەت بەوەی کە پەرلەمان چاودێرێکی "باش نییە" بەسەر یاساکاندا، د. رێواز فایەق دەڵێت: "دەیان یاسا کێشەی جێبەجێکردنیان هەیە، بەڵام میکانیزمی پەرلەمان بۆ جێبەجێکردنی یاساکان چییە؟ پرسیار دەکەین بۆ جێبەجێ ناکرێت؟ دوایی داوای دانیشتنی پەرلەمان دەکەین، دوایی دەچین بۆ پرساندن کە بۆ جێبەجێ نابێت. ئێمە پرساندنمان کرد لەناو هۆڵی پەرلەمان لەسەر جێبەجێ نەبوونی هەندێک لە یاساکان. سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری دارایی نەهاتن.. دەسەڵاتی ئەوەمان هەیە بە غیابی بۆیان بکەین متمانەیان وەرگرتەوە. بە رای من هەر وەزیرێک لە حکومەتی هەێمی کوردستان حەز دەکات ریفرێش بێتەوە و عەدادەکەی سفر بێتەوە خۆی هاوڕێکانی هان بدات بۆ ئەوەی پرساندنی لەسەر بکەن، چونکە دەیباتەوە و سوود وەردەگرێت."
"رێگەنادەم دەستکاری یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری بکرێت"
سەبارەت بە یاسای بەدەستهێنانی زانیاریش، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئێستا داوایەکم لەسەرە لەسەر جێبەجێنەکردنی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری، دەچمە نێو داواکەوە و پارێزەر دەنێرم و تاوەکو دوایین سات لەگەڵی دەبم یان دەیبەمەوە یان دەیدۆڕێنم."
رێواز فایەق دەڵێت: "پێتانوانەبێت ئێمە کارمان لەسەر ئەو یاسایە نەکردووە و قسەمان لەسەر نەکردووە، رێنمایی پێدەرنەچێت، دامەزراوەی تایبەتمەند بە جێبەجێکردنی کە دەستەی مافەکانی مرۆڤە، ناتوانێت جێبەجێی بکات. حکومەت رێنمایی دەرناکات لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی ئەو فەلسەفەی حکوم دەدات رایەک هەیە کە پێیوایە ئەم یاسایە زۆر کراوەیە، هەمواریی بکەین رێنمایی پێدەردەچێت.. منیش ئەو عەیبەیە ناهێنمە سەر خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان."
"لێکترازانی حیزبە سیاسییەکان تا راددەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەر کارەکانی پەرلەمان هەبووە"
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی ئاستەنگەکانی بەردەم کاری پەرلەمانی کرد و گوتی: "ئەم خولەی پەرلەمان لە 6ی 11 سوێندی خواردووە. ئێمە لە 11ی 7 سەرۆکایەتی پەرلەمانمان وەرگرتووە، واتە هەر لە رێگەوە 8 مانگ لە تەمەنی پەرلەمان رۆیشتووە. دوای ئەوەی کۆرۆنا هات دوو وەرزی یاسادانان بە ماوەی کەم و زیاد کە کەرەنتین هەبووە نزیکەی 5 مانگیشمان لەوێ لێ رۆیشتووە، بە گشتی دەکاتە 13 مانگ. لە وەرزی پێشوو 3 مانگ دانیشتنی پەرلەمانمان نەکرد، هۆکاری سیاسی هەبوو، هۆکارەکەش من بووم بەرپرسیاریێتییەکەش هەڵدەگرم، ئەوە 16 مانگ. واتە لە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی ساڵ و نیوێک رۆیشتووە. یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم پەرلەمان تێپەڕبوونی کاتی زۆرە بەبێ کار، واتە بەهەدەرچوونی کاتێکی زۆرە لە تەمەنی پەرلەمان یان ویلاتە چوار ساڵەکەی پەرلەمان."
رێواز فایەق پێیوابوو، "کێشە سیاسییەکانی رەنگدانەوەی زۆریان لەسەر کارەکانی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کاریگەریی زۆر دادەنێن و زۆرجار ئەوەی ئامانجە تۆ دەتەوێت بیکەیت، ئەم خولەی پەرلەمان یەکێک بوو لەو خولانەی کە کێشەی سیاسی، ناتەبایی، لێکترازانی حیزبە سیاسییەکان تا راددەیەکی زۆر کاریگەریی هەبوو لەسەر کاری ئاسایی ئێمەش."
"سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم کە پەرۆشی نووسینەوەی دەستوورە"
سەبارەت بە بابەتی دەستوور، رێواز فایەق دەڵێت: "یەکەم کار کە کردمان سەردانیکردنی هەموو حیزبەکان بوو بۆ بابەتی دەستوور، لەسەر دوو بنچینە. یەکەمیان لەسەر ئەو بنچینەیەی کە پێمانوابوو دۆخی عێراق دەگۆڕێت و دیدگای حیزبە سیاسییەکانی عێراق دەگۆڕێت و رەنگە بیر لە هەمواری دەستوور بکەنەوە، بۆیە دەبێت هەندێک پەلە بکەین لەوەی دەستوورێکمان هەبێت. دووەمیان، ئەگەر دەستوورمان هەبێت.. ماف و ئازادییەکان گەرەنتیکراون، کەس ناتوانێت ویلایەتی پەرلەمان درێژ بکاتەوە، سنووری دەسەڵاتی دامەزراوە دەستوورییەکان دیاریکراو دەبن، شێوازی پەیوەندیان دیاریکراو دەبێت، چەترێک و مەرجەعێکیشمان دەبێت بۆ ئەو یاسایانەی کە لە پەرلەمان دەردەچن."
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "لێتان ناشارمەوە لە گەورەترین حیزبی هەرێمی کوردستان، یان خاوەنی زۆرترین کورسی لە بەڕێز کاک مەسعود بارزانی کە سەردانم کردووە تاوەکو ئەو هێزە سیاسییانەشی کە یەک کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە. بە ئێمەیان گوت لە دەستەی سەرۆکایەتی کە بابەتی دەستوور بابەتێکی گرنگە، بەڵێ لەو گۆشەنیگایەوە ئێوە دەیبینن و ئێمەش دەیبینین."
بە گوتەی رێواز فایەق، بۆ ئەم کارەیان وەکو پەرلەمان پێویستیان بە پشتیوانێک هەبوو، دەڵێت: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان بۆ ئەو بابەتە هەڵبژارد و سەردانمان کرد، من سوپاسی دەکەم، سوپاسی پەرۆشیی دەکەم، هەموو جارێک بە پەرۆشییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتە کردووە، ئامادە بووە بۆ ئەوەی لەگەڵمان هاوکاربێت."
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، 74 ماددە لە رەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان نووسراوە، دەڵێت: "ئەگەر لەسەر بابەتە ناکۆکەکان رێکبکەوین لە ماوەی دوو مانگدا دەتوانرێت بنووسرێتەوە. دەستووری توونس بە 47 رۆژ نووسراوەتەوە، دەستووری عێراق بەو هەموو دژبەیەکییەوە لە ماوەی دوو مانگ و شتێک تەواو بوو. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە ئەو بابەتەمان هێناوەتەوە، تێدا سەرکەوتوو دەبین یان نا.. نازانم، بەڵام بەرمەبنای نامەیەکی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بۆ پەرلەمانی کوردستانی ناردووە، ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە، ئەوان رازیبوون ئەو بابەتە جارێکی دیکە بهێندرێتەوە پێشەوە جگە لە بەڕێزان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ کە پێیانوایە پێویست نییە لە ئێستادا."
لەم خولەی پەرلەمان هیچ یاسایەک بەزۆرینەی تێنەپەڕێندراوە ئەگەر لایەنی دیکە دژی بووبێت.
"پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە هەیە"
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی پەرلەمان بە دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، رێواز فایەق دەڵێت: "ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ دامەزراوەکان هەیە، لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی حکومەت، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری و دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام راستییەک هەیە حەز دەکەم بیزانن. ئەویش ئەوەیە نەخشەی سیاسی ئەو مۆزایکەی لەناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستاندا هەیە، ژمارە رۆڵی تێدا دەگێڕێت، دەبێت مامەڵەی راستەقینە لەگەڵ ژمارەدا بکرێت. فراکسیۆنێکی زۆرینە هەیە و هاوپەیمانی هەیە و دەتوانێت زۆرینەیەکی رەها دروست بکات بۆ تێپەڕاندنی هەر یاسایەک ئەگەر بیەوێت. بەڵام ئەوەی مایەی خۆشبەختییە لەو خولەی پەرلەماندا ئێمە ئەو دۆخەمان بۆ دروست نەبووە کە زۆرینەی پەرلەمانی دەنگ لەسەر یاسایەکی دیاریکراو بدات ئەوانی دیکە دژبن."
رێواز فایەق پێیوایە ئەو شێوازە لە تێپەڕاندنی یاساکان کە کۆدەنگی لیژنەی هاوبەشی لەسەر بێت "بۆ سەقامگیری سیاسی و دەروونی باشە."
"لەم خولەی پەرلەمان زۆرترین جار حکومەت ئامادەی دانیشتنەکان بووە"
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستانیش بە ئامادەبوونی حکومەت، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان گوتی: "بەراورد بە هەموو خولەکانی دیکەی پەرلەمانی کوردستان ئەو خولەی پەرلەمانی کوردستان زۆرترین جار حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکان بووە."
سەبارەت بە ئامارەکانیش، رێواز فایەق دەڵێت: "45 بابەتی گشتیمان خراوەتە بەردەست بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت لەناو هۆڵی پەرلەمان، 28یان خراونەتە بەرنامەی کار و دانیشتنیان لەبارەوە کراوە، 11یان ئاراستە لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمان کراون بۆ ئامادەکردنی راپۆرتی زانیاری و داتاکان. 4یان تەنیا بە یاسا چارەسەر دەبن و 2یان چارەسەر بووە، ئێستا هیچ یاداشتێک لەلای دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نییە کە کارمان لەسەری نەکردبێت."
"ئەنجوومەنی دادوەری رێگرە لەوەی داواکاری گشتی ببێتە بەشێک لە دەسەڵاتی دادوەری"
هەر سەبارەت بەو ئەرکانەی کە پەرلەمان تائێستا ئەنجامی داون، رێواز فایەق ئاماژە بەوە دەدات کە "132 پێشنیاز و پرۆژەیاسا پێشکێشی پەرلەمان کراوە، 45یان بوونەتە یاسا، 54یان لەلایەن لیژنەی یاسایی یان حکومەت یاخود ئەنجوومەنی دادوەری رەتکراونەتەوە، یەکێک لەو یاسایانەی کە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە رەتکراوەتەوە یاسای داواکاری گشتی بوو، کە یەکێک لە ئومێدە گەورەکانی ئێمەبوو لەم خولە. ئەنجوومەنی دادوەری خۆی دەڵێت، من نامەوێت داواکاری گشتی ببێتە بەشێک لە دەسەڵاتی دادوەری و ئەنجوومەنی دادوەری."
"وەزیر بەبێ رێککەوتنی هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەت متمانەی لێ وەرناگیرێتەوە"
سەبارەت بەوەش کە دەپرسن بۆچی لەم خولەی پەرلەمان هیچ وەزیرێک متمانەی لێ وەرناگیرێتەوە لە کاتێکدا خەڵک لە حکومەت رازی نییە؟ رێواز فایەق دەپرسێت: "متمانە وەرگرتنەوە بە چییە؟ بە دەنگدانە.. دەنگدان بە چییە؟ بە ژمارەیە.. وەزیر بەبێ رێککەوتنی هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەت متمانەی لێ وەرناگیرێتەوە، چونکە دەنگ ناهێنێت."
"ئومێد دەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرکەوتووبێت لە بڕواپێهێنانی حیزبە سیاسییەکان"
سەبارەت بە هەڵبژاردن و تەمەنی پەرلەمان، رێواز فایەق دەڵێت: "ئێمە زۆر هەوڵماندا فراکسیۆنەکانی پەرلەمان رێکبکەون، نزیکەی 11 کۆبوونەوەمان کرد بە ئامادەبوونی خۆمان بەبێ ئامادەبوونی ئێمە. رێکنەکەوتن، چونکە ئەو قسانەیان دەگوتەوە کە پێشتر کردوویانە، پانتاییان نەبوو بۆ دانوستان. حیزبەکەی چی پێ گوتووە وا دەڵێت، مافی خۆشیەتی ئەوە بڵێت. جگە لە هەندێک لە فراکسیۆنی پارتی هاتە پێش، بە دیاریکراوی لە مەسەلەی کۆمیسیۆن کە وەکو خۆی بمێنێتەوە. ئەمە تاوەکو ئەو کاتەی بەڕێوە دەبرد. دواجار ناچاربووین داوامان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە رێگەی نامەیەکەوە دەستی بە کۆکردنەوەی حیزبە سیاسییەکان و کەسی یەکەمی حیزبە سیاسییەکان بکەن. ئومێد دەکەم لە رۆژانی داهاتوودا کە بڕیارە کۆبوونەوەیەک بکرێت. بەڕێزیان بتوانن سەرکەوتووبن لە بڕواپێهێنانی حیزبە سیاسییەکان."
"درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان بۆ یەک رۆژیش رەوایەتی نییە"
بە بڕوای رێواز فایەق، "راستە رێکنەکەوتنی حیزبە سیاسییەکان لە رووی یاسایی و پرەنسیپی دەستوورییەوە، لە رووی ئازادییەکانەوە، لە رووی مەسەلەی نوێنەرایەتی و رەوایەتی نوێنەرایەتی و ئەو وادەیەی خەڵکی پێتی دەدات بۆ نوێنەرایەتی، هەموو ئەمانە راستن کە درێژکردنەوەی وادەی پەرلەمان بۆ یەک رۆژیش رەوایەتی نییە، بەڵام ئەمە واقیعێکە، واقیعێکی تاڵیشە. ئێمە ناچاربووین ئەوە بکەین، من ناچاربووم سێ مانگ کۆبوونەوە نەکەم. لەبەر ئەوەی دەترسام کردنی کۆبوونەوە، بڕیاردان لەسەر هەندێک بابەت لەناو هۆڵی پەرلەمان ببێتە هۆی دروستکردنی نا ئارامی و ناسەقامگیرییەک کە دواتر چاککردنەوەی ئاسان نەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ