رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی سەردەشت - مهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، باوک و کوڕێک گیانیان لە دەستدا.
رووداوە هاتووچۆیەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-4-2025، روویداوە. باوک و کوڕێک ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا و گیانیان لەدەستدا، کەسێکی دیکەش بریندار بوو.
سمکۆ سڵامەت، هاونیشتمانی و ژینگەپارێز لە شاری بۆکان بە رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلێکە سێ سەرنشینی تێدا بووە؛ دوو لە سەرنشینەکان باوک و کوڕ بوون بە ناوەکانی حوسێن عەزیزنەژاد و هەژار عەزیزنەژاد گیانیان لە دەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
سمکۆ سڵامەت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسانەی گیانیان لە دەستداوە دانیشتووی بانە بوون و هەژار عەزیز نەژاد ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ژینگەپارێزی پاژین بووە لە شاری بانە.
بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەو کەسەی لە رووداوەکە بریندار بووە دایکی هەژار عەزیزنەژادە و ئێستا لە نەخۆشخانەی مهابادە.
سمکۆ سڵامەت گوتی: "لە کاتی گەڕانەوەی تەرمی ئەو دوو هانیشتمانییە بۆ شاری بانە، لە لایەن ژینگە پارێزانی بۆکان بە گوڵ پێشوازی لە تەرمەکانیان کراو و بەرەو بانە بەرێ کران."
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆر کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن.
لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، واتە لە ماوەی ساڵێکدا 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
بە گوتەی محەممەد ئیسماعیل قیداری، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی بەهەشتی لە تاران، رووداوەکانی هاتووچۆ لە ئێران دوای نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە، سێیەمین هۆکاری گیانلەدەستدانن لە ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ