پیتەر گاڵبرێس: هەرگیز کوردێکی سووریام نەبینیوە داوای سەربەخۆیی بکات

17-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
نیشانەکردن #suliforum25
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا دەڵێت، پێی وانییە ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە. هۆشیار زێباریش ئاماژە بەوە دەکات، رێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع "هەنگاوێکی زۆر گرنگە"، بۆ ئەوەی کوردانی رۆژئاوای کوردستان رۆڵیان لە داڕشتنی داهاتووی سووریا هەبێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، گفتوگۆکانی دووەم رۆژی نۆیەمین دیداری سلێمانی بە بەشداری چەندین کەسایەتی نێوخۆیی و بیانی لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی بەردەوام بوو.
 
لە دیدارەکەدا پانێڵێک بەناونیشانی "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و کاریگەرییەکانی بۆ سەر ناوچەکە" بەڕێوەچوو.
 
هەریەکە لە پیتەر گالبرێس، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا، هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووتری دەرەوەی عێراق و ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی لە پانێڵەکەدا بەشدار بوون. 
 
"قورسە بڕوا بکەم ئەمریکا دەکشێتەوە" 
 
لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، پیتەر ئاماژەی بەوە کرد، "نازانم ئەگەر ئەمریکا بکێشتەوە، ئێمە ئیدارەیەکمان هەیە کە پێدەچێت زۆر پێشبینی نەکراو بێت، بۆ من قورسە بڕوا بکەم کە دۆناڵد ترەمپ خواستی ئەوەی هەبێت کە سووریا بۆ رێکخراوێک بەجێبهێڵێت کە بەمدواییانە پەیوەندی لەگەڵ داعش و رێکخراوی قاعیدە هەبووە."
 
پیتەر باسی لە جیاوازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستانی کرد و گوتی، "جیاوازییەکی زۆر گرنگ هەیە، لەکاتی گفتوگۆکانی تایبەت بە نووسینەوەی دەستووری عێراق، هەرێمی کوردستان دەیویست زۆرترین دەسەڵاتی هەبێت و کەمترین دەسەڵات لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی لە بەغدا بهێڵێتەوە."
 
ئەو بەرپرسەی ئەمریکا دەڵێت،"هەموو کوردێكی عێراق کە من قسەم لەگەڵیان کردووە، بەردەوام داوای دەوڵەتی سەربەخۆیان کردووە، لەنێویاندا هەر چوار سەرۆکە کوردەکەی عێراق، بەڵام هەرگیز کوردێکی سووریام نەبینیوە کە داوای دەوڵەتی سەربەخۆ بکات، ئەوان دەیانەوێت بەشێک بن لە سووریا. ئەمەش جیاوازییەکی گرنگە."
 
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا باسی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی، "ئەو سەرکەوتنەی کوردانی ئێرە [هەرێمی کوردستان] بەدەستیانهێناوە بەهۆی یەکگرتووییەوە بووە، هەرچەندە هەندێکجار یەکگرتنەکە کاتی بووە، بەڵام لە قۆناخە هەستیارەکاندا لە ساڵی 2003، 2004 و 2005 یەکگرتوو بوون."
 
لەبارەی یەکگرتوویی کوردانی رۆژئاواش، پیتەر گوتی، "لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەتوانراوە یەکگرتوویی لەنێوان ئەنەکەسە و پەیەدە دروست بکرێت و ئەمە کێشە گەورەکەیە."
 
پیتەر گاڵبرێس ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر شەرع دەیەوێت حکومەتێکی گشتگیر دابمەزرێنێت، دەبێت خەڵک لە کۆمەڵگەکانی دیکەش لە حکومەتەکەیدا بەشداری پێبکات، نەک تەنیا چەند کوردێک کە خۆی هەڵیاندەبژێرێت."
 
گوتیشی، ئەگەر یەک ئایدۆلۆژیا کە لە ئیدلبەوە سەری هەڵداوە و کەسێک سەرکردایەتی بکات کە پێشتر داعش و قاعیدە بووە و بتوانێت کۆنترۆلی سووریا بکات، ئەوە لە بەرژەوەندی گەلی سووریا و جیهاندا نییە."
 
"دەبێت داواکاریی کوردانی سووریا واقیعی بن"
 
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێک بوو لە قسەکەرەکانی پانێڵەکە و گوتی: "رێککەوتنەکەی نێوان بەڕێز مەزڵووم عەبدی و بەڕێز ئەحمەد شەرع بە پشتیوانی دۆستان و هاوڕێیانمان بووە، بە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فەرەنسا و پشتیوانی ئێمە بووە."
 
10ـی ئاداری 2025 رێککەوتنێکی 8 خاڵی لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، واژۆ کرا.
 
هۆشیار زێباری، رێککەوتنامەکەی بە "هەنگاوێکی زۆر گرنگ" وەسفکرد، بۆ ئەوەی کوردانی سووریا رۆڵیان لە داڕشتنی داهاتووی سووریا هەبێت.
 
زێباری گوتی: "رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە 8ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، زەوینلەرزەیەکی سیاسی بوو بۆ سووریا و تەواوی ناوچەکە، بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەری لەسەر سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری سووریا هەیە".
 
هۆشیار زێباری پێیوایە، سووریا لەبەردەم قۆناخێکی وەرچەرخان دایە، بەوەی سووریای نوێ چۆن دەبێت، پێچەوانەی سووریای کۆن دەبێت؟ لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتدارانی سووریا هەنگاویان ناوە، بەڵام پێویستی بە کرانەوە و گشتگیری زیاترە، لەگەڵ ئەوەی ئەمە تەنیا سەرەتایە.
 
زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە چۆن دەتوانن هاوکاری رۆژئاوای کوردستان بکەن، لە رێگەی ئەزموونەکەیان و پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات و چۆنیەتی دیاریکردنی داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراسی و فیدراڵی یەکگرتوو.
 
هۆشیار زێباری گوتی، هێزی سیاسیی چالاک لە سووریا هەن، وەکو هەسەدە، پەیەدە، ئەنەکەسە و هێزی دیکەی کوردی. خاڵی سەرەکی کە هەوڵدەدەن لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدا بن بە شێوەیەکی ئەرێنییانە بریتییە لە "یەکخستنی هەڵوێستی کورد"، ئەمە خاڵی سەرەتایە.
 
زێباری گوتیشی، "لە دوای رووخانی رژێمی بەعس، ئێمە وەکو یەک تیم چووینە بەغدا، وەکو یەکەم تیم لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییە عێراقییەکان و نێودەوڵەتی دیکە کە ئەوکات کارا و چالاک بوون، وەکو یەک تیم کاریان کرد."
 
خاڵێکی دیکە پشتوانی هەموو داواکارییەکانیان دەکەن، لە پشتیان دەبن، بەڵام بە گوتەی زێباری، دەبێت داواکارییەکان مەعقول و واقیعی بن و لە چوارچێوەیەکی یەکێتیی خاکی نیشتمانیی سووریادا بێت لەگەڵ گەرەنتی مافی کولتووری و زمان و ئابووری و خۆبەڕێوەبردن.
 
لەگەڵ ئەوەی زێباری گوتی: "ئەوان خۆیان بڕیار دەدەن کە چی باشە بۆیان نەک ئێمە"، بەڵام پێیوایە "کۆپیکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە رۆژئاوا راستەوخۆ سەختە".
 
راشیگەیاند، بزووتنەوەی کوردی لە سووریا رەهەندی هەیە، لەناکاو دەرنەکەوتووە و دەڵێت، "مامەڵەی واقیعیانە زۆر گرنگە، دەرفەتێکی راستەقینەیان لە بەردەمە بۆ ئەوەی بەشێک بن لە بڕیاردان لە چارەنووسی ئایندەی سووریا."
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەندێک گومان و ترس لە سیستمی نوێی سووریا هەیە، بۆیە دەبێت ئاگاداربکرێنەوە، نابێ سەرکێشی بکەن و بە شێوەیەکی ئەرێنییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پێشهاتانە بکەن بۆ ئەوەی بگەنە چوارچێوەیەک کە مافی هەمووان پارێزراو بێت".
 
"رێککەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع تۆمەتەکانی سەر کوردی بۆ دابەشبوونی سووریا و جیابوونەوە پووچەڵکردەوە"
 
یەکێکی دیکە لە قسەکەرەکانی پانێڵەکە، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بوو، باسی رێککەوتنەکەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی کرد و رایگەیاند: "ئەم رێککەوتنە سەبارەت بە مێژووی سووریا و چارەنووسی کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە سووریا، رێککەوتنێکی زۆر گرنگ بوو".
 
ئیلهام ئەحمەد گرنگییەکەی لەوەدا چڕکردەوە "کە ئەم رێککەوتنە هەموو ئەو تۆمەتانەی پووچەڵکردەوە، کە ئێمە وەکو کورد لە سووریا رووبەڕووی دەبووینەوە. وەکو پڕۆژەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەردەوام بە جیابوونەوە و دابەشکردنی سووریا تۆمەتبار دەکراین لەگەڵ بەخشینەوەی تۆمەتی دیکە. ئەم رێککەوتنامەیە هەموو ئەو تۆمەتانەی پووچەڵکردەوە".
 
سەبارەت بە دانوستاندنەکانیان لەگەڵ دیمەشق، ئیلهام ئەحمەد گوتی: "ئێستا لیژنەکانی دیالۆگ پێکهێنراون، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەندەکانی رێککەوتنامەکە و چۆنیەتی و میکانیزمی جێبەجێکردنی، ئێستا ئێمە لەو قۆناخەداین. لە کۆتایی ئەم مانگە رەنگە دیدار و کۆبوونەوە بکرێت، چەندین تێگەیشتن گەڵاڵە بووە لەبارەی بەنداوی تشرین، خاڵە هەڵپەسێردراوەکان، لێکتێگەیشتن هەیە و ئێستا لە گەشەکردندایە".
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا خوازیاری لێکتێگەیشتنی قووڵترە پەیوەست بە پرۆسەی دەستووری، سیاسی و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی سووریا. هەروەها گوتی: "ئێمە هاوبەشێکی گرنگ و جیدیین لە پرۆسەی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی سووریادا".
 
ئیلهام ئەحمەد باسی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و بە ئەزموونێکی گرنگ ناویبرد لە مێژووی کورد. بەڵام گوتی: "دۆخی کوردانی سووریا جیاوازە، دۆخی جیۆسیاسی جیاوازە، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاوازە، بۆیە دۆخەکە بە هەمووی لەبەرچاو گیراوە، سووریا کۆمەڵگەیەکی فرەییە، ئەوەش گرنگە بۆ دیاریکر

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە