وەزیری ژینگەی عێراق: وشکەساڵی خەڵکی ناچارکردووە کۆچ بکەن

17-04-2025
نیشانەکردن #suliforum25
A+ A-
نیاز مستەفا و مالیک محەممەد

وەزیری ژینگەی عێراق دەڵێت، گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە هۆی بە بیابانبوون و خەڵکی ناچار کردووە کۆچ بکەن. بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، سەرچاوەکانی ئاوی عێراق کەمیان کردووە و ئەمەش ئەگەری ئاڵۆزی و تووندوتیژی زیادکردووە. 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی نیسانی 2025، دووەم رۆژی دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمریکی سلێمانی بەڕێوەچوو. دیدارەکە دوێنی دەستپێکرد و ئەمرۆ کۆتایی دێت، 700 سەرکردە، توێژەر و میوان بەشداری دەکەن. 
یەکێک لە پانێڵەکانی دووەمی رۆژی دیدارەکە لەسەر "گۆڕانی کەشوهەوا، گرژی و تەندروستی" بوو. چوار کەس قسەیان لە پانێڵەکەدا کرد و زۆرترین سەرنجیان لەسەر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا بوو لەسەر عێراق و سووریا. 
هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق یەکێک بوو لە بەشداربووان و رایگەیاند، "عێراق یەکێکە لە زەرەرمەندەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە بەهۆیەوە تووشی گۆڕانی دیمۆگرافی و بە بیابانبوون و کەمبوونەوەی رێژەی سەوزایی بووە. لە ساڵانی رابردوودا هاووڵاتییانمان ناچاربوون بەهۆی وشکەساڵییەوە کۆچ بکەن، بۆ نموونە لە ناوچەکانی گەرمیانەوە بەرەو هەڵەبجە رۆشتوون، ئەوە لە دیالە و ناوچەکانی دیکەشدا روویداوە." 
ئەر بەرپرسەی عێراق ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ژینگە کرد و گوتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق (محەممەد شیاع سوودانی) هەوڵی زۆری داوە، یەکێک لەوانە جیاکردنەوەی وەزارەتی ژینگە بوو لە وەزارەتی تەندروستی، دواتر دامەزراندنی کۆمپانیای کاربۆن کە ئەوەش کارێکی دیکەی گەورەی حکومەتە، بۆ کەمکردنەوەی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن، راستە کارەکانمان بە گوێرەی پێویست نەبوون، بەڵام هەوڵەکان بەردەوامن و دەگەینە ئەنجام".
ئیریکا گاتسن، سەرۆکی پڕۆگرامی رێگری لە ئاڵۆزی و پاڵپشتیکردنی ئاشتی لە زانکۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشداری پانێڵەکەی کرد و لەبارەی ژینگە و ئاوی عێراقەوە گوتی، "لەسەر ئاستی نێوخۆییدا سەرچاوەکانی کەمبوونەتەوە و گوشارێکی زۆریش لەسەر سەرچاوە سرووشتییەکانە، وەکو وەزیری ژینگە [ـی عێراق] باسیکرد، ئەمە گرژی، تووندوتیژی، ئاوارەبوونی بە کۆمەڵی زیادکردووە و کاریگەری تەندروستی" نەرێنی لەسەر خەڵک هەبووە. 
ئەو دەڵێت، تاوەکو دۆخی ژینگە و گوشارەکان لەسەر ژینگەی عێراق زیاتر بکەن، ئەوا ئەگەری دروستبوونی ململانێی چەکداری و بەهێزبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان، لەوانە داعش بەهێزتر دەبێت. 
ئیریکا گاتسن ئاماژەی بەوەش کرد، کێشەکانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیا دۆخی ژینگەی لە عێراق خراپتر کردووە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی کێشە ژینگەییەکانیش پێویستە هەردوو حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکەن. 
پیتەر شوارتزستن، رۆژنامەڤانی بواری ژینگە وەکو رۆژنامەڤانێک باسی کاریگەری کەمی ئاوی لەسەر چالاکی گرووپە چەکدارەکان کرد و گوتی، لە پارێزگاکانی کەرکوک، سەلاحەدین و ئەنبار ئەو گوندانەی کێشەی کەمئاوییان هەبوو، ئەوا دوو بۆ سێ هێندە بەراورد بە گوندەکانی دیکە چەکداری داعشیان تێدا بوو.  
عەبدولکەریم ئەقزیز، لێکۆڵینڤانی پێشکەوتوو لە کۆلێژی کینگ لە لەندەن باسی لە خراپی ژینگەی سووریا و کاریگەری نەبوونی حکومەتێکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کرد. 
ئەقزیز رایگەیاند، "لە سێ ساڵی سەرەتای ئاڵۆزییەکاندا، سووریا رووبەڕووی ژمارەیەک نەخۆشی، لەوانە ئیفلیجی منداڵان بووەوە کە بەهۆی نەبوونی ڤاکسینەوە روویدا. هەروەها، چەند نەخۆشییەکی دیکە لەوانە کۆلێرا کە پەیوەندی بە ئاوەوە هەیە لەو وڵاتە تۆمارکران."
ئەو لێکۆڵینڤانە دەشڵێت، "دەرکەوتنی کۆلێرا لەم ساڵانەی دواییدا بەتایبەت ساڵی 2022 بووە هۆی تۆمارکردنی 700 هەزار کەیسی کۆلێرا لە تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، لەو ژمارەیە 400 هەزاریان مردن. سووریاش بێ بەش نەبوو لەو کەیسانە، بەڵام بەهۆی هەبوونی سیستمێکی داڕوخاوەوە سووریا نەیتوانی رووبەڕووی ئەو قەیرانە ببێتەوە."
گوتیشی، "ئەگەر ئێستا بیربکەینەوە دەبێت چی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانە بکەین، ئەوا دەبێت لە سیستمی تەندروستییەکەی تێبگەین، سیستەمی تەندروستی ئەوێ ناوەندییە. ئەم ناوەندییەتییەش بووەتە هۆی دروستبوونی گەندەڵی کە نایەکسانی دروستکردووە. ئەو نایەکسانیەش رێگر بووە لە چارەسەرکردنی قەیرانەکان لە ناوچە جیاجیاکان." 
ئەو نموونەیەک بۆ نایەکسانی لە سووریا دەهێنێتەوە و دەڵێت، "ئەگەر بەراوردی رەقە و تەڕتوس بکەین، لە تەڕتووس بۆ هەر 10 هەزار کەسێک 21 قەرەوێڵە هەیە، بەڵام لە رەقە تەنیا سێ بۆ چوار دانە هەیە".  ئەمەش کاریگەری لەسەر چارەسەرکردنی نەخۆشەکان دەبێت. 
ئەقزیز دەڵێت، حکومەتی ئێستاش بەهۆی نەبوونی متمانەوە لەسەر هەمان سیاسەتی تەندروستی دەڕوات و "پێموایە پێویستە ئەمە بگۆڕن". 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی حەرەمی مەککە. وێنە: AFP

حەج و عومرە هۆشداری تووند لە حەجی بازرگانی دەدات؛ 'کێشەی شەرعی هەیە'

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هۆشداری تووند لەبارەی بانگەشەی "حەجی بازرگانی" دەدات و دەڵێت، هەر کۆمپانیا و لایەنێک لەو بابەتەدا تێوەبگلێت رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو جۆرە حەجە کێشەی شەرعی هەیە".