رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، رایگەیاندووە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا، 948 پەنابەری سووریایی لە دەروازەی پێشابوورەوە گەڕاونەتەوە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هەروەها 105 لەوانەی گەڕاونەتەوە، ناوی خۆیان لای نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو پەنابەر تۆمار کردووە.
پێنجشەممە 02ی کانوونی دووەمی 2025، ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، بڵاویکردەوە لەوەتەی رژێمی بەشار ئەسەد لە 8ی کانوونی یەکەمی رابردووەوە رووخاوە، زیاتر لە 115 هەزار سووریایی گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و زۆربەشیان لە وڵاتانی تورکیا و ئوردن گەڕاونەتەوە.
ئەو ئاژانسەی سەر بە یوئێن، ئاماژە بەوە دەکات، تەنیا لە تورکیا، لە سێ هەفتەی رابردوودا، 35 هەزار و 113 پەنابەری سووریایی ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
لە 8ی مانگی رابردووەوە، زیاتر لە 22 هەزار پەنابەر لە ئوردنەوە گەڕاونەتەوە کە سێ هەزار و 100یان لای ئاژانسەکەیان ناویان تۆمارە. دەسەڵاتدارانی ئوردنی ئاماژەیان بەوە کردووە زۆربەی ئەوانەی گەڕاونەتەوە ئافرەت و منداڵ بوون.
لەبارەی گەڕانەوەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان بۆ رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئاژانسی (UNHCR)، رایگەیاندووە، لە هەشتی مانگی رابردووەوە تاوەکو 2ی ئەم مانگە، 948 کەس لە رێگەی دەروازەی پێشابوورەوە گەڕاونەتەوە سووریا، کە 105یان، ناویان لای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو پەنابەر تۆمار کراوە.
بەگوێرەی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 664 هەزار سووریایی هێشتا لەنێوخۆی سووریا ئاوارەن و کە زۆربەی ئاوارەکانیش خەڵکی پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلبن، لانیکەم 486 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، کە زۆربەیان گەڕاونەتەوە حەلەب.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ