رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە سێ هەزار و 500 خوازیاری بەدەستهێنانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا و وەرگرتنی ناسناوی زانستی، تاقیکردنەوەی ئاستی زمانی ئینگلیزییان کردووە. گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجام رادەگەیێنن.
ئەمڕۆ شەممە، 19ـی نیسان، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی خۆتۆمارکردن لە رێگەی فۆرمی ئۆنلاینەوە کرایەوە، سێ هەزار و 576 کەس کە لە خوازیارانی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، دکتۆرا و ناسناوی زانستی خۆیان تۆمارکرد و تاقیکردنەوەی زمانی ئینگلیزییان کرد."
عەباس ئەکرەم دەڵێت، ئەو تاقیکردنەوەیە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزییە، بۆ وەرگرتنی ناسناوی زانستی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان.
تاقیکردنەوەکە چوار رۆژ بەڕێوەچوو، لە 13ـی ئەم مانگە دەستیپێکرد و لە 17ـی مانگدا کۆتایی هات.
گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "بەشێوەی ئۆنلاین لە 14 سەنتەری زمان لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو."
پرسیارەکانی تاقیکردنەوەکە پەیوەست بوون بە رێزمان، نووسین، خوێندنەوە، قسەکردن و گوێگرتن.
بە گوتەی عەباس ئەکرەم، "لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەنجامی تاقیکردنەوەکە بەشێوەی ئۆنلاین لە ماڵپەڕی وەزارەت بڵاودەکرێتەوە. ئەوانەی خوازیاری بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆران، ئەگەر لەم تاقیکردنەوانەدا سەرکەوتوو نەبن، ئەوا خولێکی فێرکارییان بۆ دەکرێتەوە و دواتر جارێکی دیکە تاقیکردنەوەیان پێدەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ