رووداو - گەرمیان
رۆژی هەینی کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆ بە درۆن هێرش کرایە سەر بارەگای تەڤگەری ئازادی لە گەڕەکی شەهیدان لە کەلار و ئەندامێکی تەڤگەری ئازادی گیانی لەدەستدا.
ئەو شوێنەی بە درۆن کراوەتە ئامانج، شوێنی مانەوەی ئەندامانی تەڤگەری ئازادی بووە و وەکو بارەگای خۆیان بەکاریان دەهێنا.
هێرشەکە زیانی بە ئۆتۆمبێل و پەنجەرەی خانووەکانی نزیک لە بارەگاکە و مارکێتی خوار ئەو خانووە گەیاندووە. عومەر، شایەتحاڵ باسی لەوە کرد، "دەنگی تەقینەوەکە وەکو بوومەلەرزە وابوو، زەرەری هەر ئەوەیە کە دەیبینن، ئەم دووکانە و دووکانەکەی تەنیشتی سەرتاشخانەیە، هەر ئەو شوێنە زەرەری پێگەیشتووە."
ئەو ئەندامەی تەڤگەری ئازادی، کە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، تەمەنی نزیکەی 40 ساڵ دەبێت و نازناوی حاجی عەلی بووە.
عەلی قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەڵێت، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە درۆن هێرش کرایە سەر خانوویەک لەناو گەڕەکێکی نیشتەجێبوون لە شاری کەلار، کە خانوویەکی دوو نهۆمی بووە و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە."
ساڵی پاریش هەر بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کەلار هێرش کرایە سەر ئەندام و لایەنگرانی تەڤگەری ئازادی لە هەردوو هێرشەکەدا چوار کەسیان گیانی لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ