راوێژکارێکی سوودانی: رێگەی گەشەپێدان بە دهۆکدا تێدەپەڕێت

22-03-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گواستنەوە رایدەگەیێنێت، رێگەی گەشەپێدان بە درێژایی 11 کیلۆمەتر بە پارێزگای دهۆکدا تێدەپەڕێت و لە رێگەی پێشابوورەوە دەچێتە نێو خاکی تورکیا.
 
د. ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ گواستنەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نەخشەسازی کۆتایی رێگەی گەشەپێدان تەواو بووە، پڕۆژەکە بە درێژایی 11 کیلۆمەتر بە پارێزگای دهۆکدا تێدەپەڕێت، لە رێگەی دەروازەی پێشابوورەوە دەگاتە تورکیا."
 
راوێژکارەکەی سوودانی رۆژی شەممە، 22ـی ئاداری 2025، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کردووە و کۆبوونەوەش لەگەڵ پارێزگاری دهۆکدا کراوە.
 
لەبارەی قۆناخەکانی داهاتووەوە، ئەو راوێژکارەی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، "لە قۆناخی داهاتوودا وردبینی نەخشەکان دەکرێت و رەوانە دەکرێت بۆ جێبەجێکردنیان."
 
د. ناسر ئەسەدی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم پڕۆژەیە زۆر گەورەیە و بە راوێژکردن لەگەڵ راوێژکار و شارەزا نێودەوڵەتییەکان کراوە، کە دەتوانێت عێراق بباتە قۆناخێکی نوێوە و هەزاران هەلی کاریش بۆ گەنجان بڕەخسێنێت."
 
درێژیی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان هەزار و 200 کیلۆمەترە و پێکدێت لە هێڵەکانی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیاران و هێڵی ئاسن، لە بەندەری فاو لە پارێزگای بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ نێو خاکی تورکیا.
 
خەرجیی پڕۆژەکە بە 17 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، 10.5 ملیار دۆلاری بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی مۆدێرن و 6.5 ملیار دۆلاری بۆ درێژکردنی هێڵی ئاسن تەرخان دەکرێت.
 
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە ساڵی 2028 تەواو دەبێت، قۆناخی کۆتایی لە ساڵی 2050 تەواو دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە