رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز دەڵێت، "لە چوارچێوەی پڕۆژەی ماستەرپلانی گەشتیاریی سۆراندا بێخاڵ سەرلەنوێ نەخشەسازیی بۆ دەکرێت و بە شێوەیەکی مۆدێرن بونیات دەنرێتەوە." ئاماژە بەوەش دەکات، "بێخاڵ دەبێتە ناوچەیەکی هەرە جوان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."
ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی بەهار، گەشتیارێکی زۆر دەچنە ناوچە گەشتیارییەکانی رواندز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێی گەشتوگوزار لە سنووری رواندوز، ئەمڕۆ شەممە 22-03-2025 پارێز یوسف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە رووداوی گوت، "ئامادەکاریی تەواومان کردووە و ئامادەین بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران؛ چاومان لەوەیە زۆرترین گەشتیار سەردانی سنوورەکەمان بکەن." ئاماژەی بەوەش کرد، "نزیکەی 80%ی گەشتیارانمان لە خواروو و نێوەڕاستی عێراقەوە دێن."
لەبارەی هەبوونی شوێنی مانەوە بۆ گەشتیاران، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز گوتی، "تەنیا لە چیای کۆڕەک 100 شوێنی مانەوە هەیە؛ لە شنگلبانە 113 خانوو و ڤێلا هەن؛ چەند هۆتێل و مۆتێلێکی دیکە لەنێو شار هەن؛ هەروەها بۆ وەرزی گەرما سەتان کەپری گەشتیاریش بەردەست دەبن کە خەڵک دەتوانن تێیاندا بمێننەوە."
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی ماستەرپلانی گەشتیاریی سۆران.
پڕۆژەکە چیای برادۆست، کۆڕەک و گردی باپشتیان لەخۆدەگرێت و لەو چوارچێوەیەدا ئاوی رووباری کاولۆکان بۆ چیاکانی برادۆست و گردی باپشتیان دەگوازرێتەوە.
بەشێکی ئەو ماستەرپلانە دەکەوێتە سنووری قەزای رواندز. لەوبارەوە پارێز یوسف گوتی، "نەخشەی بێخاڵ گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بە شێوەیەکی سەردەمیانە بونیات دەنرێتەوە، خەڵکی ناوچەکە سوودمەند دەبن لێی، ماستەرپلانەکە زۆر تێروتەسەلە، ناوچەکە دەبێتە ناوچەیەکی هەرە جوانی سەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ماستەرپلانەکە راستەوخۆ لە رێگەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و کارەکانی بە خێرایی و وردی دەچنە پێشەوە."
رواندز چەندین شوێن و ناوچەی گەشتیاریی هەیە، بەڵام بەشێکیان بەهۆی خراپیی رێگەوبانەوە، خەڵک کەمتر روویان تێدەکەن، وەکو دۆڵی ئاکۆیان و فەقیان و سەکران.
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری رواندز گوتی، "دۆڵی ئاکۆیان وەکو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە،" بەڵام "ئەم ساڵ بە درێژایی چوار کیلۆمەتر رێگەکەی قیرتاو کراوە. ئەوەش دەبێتە کارئاسانی بۆئەوەی خەڵک زیاتر رووی تێبکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ