رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، مەترسیی وشکەساڵی لەسەر بەشی زۆری زەوییە بە گەنم چێندراوەکانی پارێزگای دهۆک نەماوە.
مەترسییەکە لە کاتێکدایە، ئەم وەرزی بارینە تەنیا 109 میلیمەتر باران لە دهۆک باریوە، لە کاتێکدا وەرزی بارینی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 509.3 ملیمەتر باران باریبوو.
ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جگە لە سێمێل، تەواوی ناوچەکانی دیکەی پارێزگای دهۆک مەترسیی وشکەساڵییان لەسەر نەماوە."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی دهۆک دەڵێت، "راستە باران کەم باریوە، بەڵام بەگوێرەی پێویست و لەکاتی پێویستدا باریوە؛ بۆیە دۆخی گەنم زۆر باشە."
لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 900 هەزار دۆنم زەوی بۆ چاندنی گەنم هەیە. ئەحمەد جەمیل گوتی، "نزیکەی 150 هەزار دۆنم زەویمان لە سنووری قەزای سێمێلە و بەهۆی کەم بارانییەوە دۆخی ئەو زەوییانە بۆ گەنم زۆر خراپە."
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی ئەم مانگەی رووداو، لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین مەترسی وشکەساڵیی گشتی رەویوەتەوە.
لە بەشێکی پارێزگای هەولێریش مەترسی وشکەساڵی نەماوە و لە بەشەکەی دیکە کە دەشتی مەخموور، کەندێناوە و قەراجە هێشتا مەترسی وشکەساڵی هەیە.
ساڵی رابردوو بڕی پێویست بۆ بەرهەمی دانەوێڵە باران باری و بەرهەمی گەنم لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک تۆنی تێپەڕاند و لەو بڕە حکومەتی عێراق بڕیاریدا 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگرتەوە.
ساڵی 2023 حکومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەرگرت؛ هەرچی ساڵی ساڵی 2022ـە بەهۆی وشكەساڵی و کەمبارانییەوە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، بۆیە حکومەتی عێراق بێسنوور گەنمەکەی وەرگرت کە زیاتر لە 300 هەزار تۆن بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ