سەرکردەیەکی پەدەکەسە: لەم رۆژانە مزگێنییەک دەدەینە رۆژئاڤا

22-03-2025
عەبدولباست حەمۆ.
عەبدولباست حەمۆ.
نیشانەکردن نەورۆزی کۆڵن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا دەڵێت: " لەم رۆژانەدا [دوو سێ رۆژی دیکە] مزگێنییەک دەدەین، مزگێنی یەکێتیی کوردانی سووریا، رێککەوتنێکی دیرۆکی بۆ یەکدەستی و یەکهەڵوێستی کوردی سووریا دەدەین بۆ چوونە شام."
 
رۆژی شەممە، 18-03-2025، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا کە تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی دەکرد، عەبدولباست حەمۆ، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا قسەی بۆ رووداو کرد.
 
لەبارەی ئاهەنگەکەوە گوتی: "ئەم دیلان و نەورۆزەی ئەمڕۆ لە شاری کۆڵن، هەنگاوێکی نەتەوەییە کە خواستی گەلی کوردە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی کە ویستی ئەمڕۆ گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بکاتە یەک."
 
عەبدولباست حەمۆ، باسی دۆخی کوردی لە رۆژئاوای کوردستان کرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا یەکێتیی کوردستانی سووریا بووەتە واقعێک کە ئەمڕۆ هەلێکی مێژووییە لە بەردەم گەلەکەمان لە کوردستانی سووریا، کە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریا بەدەستبێنێت. "دەبێ حساب بۆ هەموو ئەم هێزە [جەماوەر] بکرێت کە ئەمڕۆ لە سەرانسەری کوردستانەوە هاتوون و لێرەن لە کۆڵن."
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکەسە گوتی: "لەم رۆژانەدا [دوو سێ رۆژی دیکە] مزگێنییەک دەدەین، مزگێنی یەکێتیی کوردانی سووریا، رێککەوتنێکی دیرۆکی بۆ یەکدەستی و یەکهەڵوێستی کوردی سووریا دەدەین بۆ چوونە شام."
 
بەگوێرەی عەبدولباست حەمۆ، "رێککەوتنێکی تۆکمە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد و چەسپاندنی لەنێو دەستووردا دەکرێت. ئەگەر مافی کورد لەچوارچێوەی دەستووری سووریا دا بچەسپێت، سەربەخۆیی کوردستانی عێراقیش بەدەست دێت. رێگە خۆش دەبێ بۆ کوردستانی تورکیا و کوردستانی ئێرانیش، وەکو واقعێک لە دەستووریاندا."
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پەدەکەسە: "ئەگەر گەلی کورد لە شام یەکهەڵوێست بێت، کاریگەریی لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان دەبێت. بەڵێ کوردستانی سووریا بچووکترین پارچەیە، بەڵام کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکە دەبێت."
 
عەبدولباست حەمۆ باسی لەوەش کرد: "لەو باوەڕەدام ئێستا شام وەکو هێزێکی کاریگەر تەماشامان دەکات. ئەمڕۆ لە دیاربەکریش یادی نەورۆز بوو، پرۆسەی ئاشتیش لە تورکیا هەنگاوێکی زۆر گرنگە. کۆبوونەوەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و کاک مەزڵووم عەبدی نیشاندانی یەکڕیزیی گەلی کورد بوو. ئەمڕۆ هەولێر، مهاباد، دیاربەکر و قامیشلۆ لە کۆڵن بوونە یەک."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە