سیاسەتڤانێکی کورد بۆ رووداو: دەبێت کوردی رۆژئاوای کوردستان بە یەکگرتوویی بچنە دیمەشق

22-03-2025
پەیمان محەممەد
بایرام ئەیاز.
بایرام ئەیاز.
نیشانەکردن نەورۆزی کۆڵن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سیاسەتڤانێکی کورد لە ئەڵمانیا دەڵێت: ''ئەزموونی یەکگرتوویی کوردمان لەکاتی نووسینەوەی دەستووری عێراق هەیە. بۆیە پێویستە کورد لە رۆژئاوای کوردستانیش بە یەکگرتوویی بچنە دیمەشق''؛ دەشڵێت، پاڵپشتیی دیاسپۆرا لە رۆژئاوای کوردستان گرنگە.
 
ئەمڕۆ شەممە 22-03-2025، بایرام ئایاز، سیاسەتڤانی کورد لەکاتی رووماڵی ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا میوانی دلبخوێن دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بوو و رایگەیاند: ''پەیامی من بۆ ئەمڕۆ ئەوەیە، نەورۆز بۆ پاڵپشتی و هاوکاریی خەڵکی ئێمەیە لە رۆژئاوای کوردستان.''
 
بایرام ئایاز گوتی: ''خەڵکی رۆژئاوای کوردستان ئازاری زۆری چەشتووە و خزمەتی هەموو پارچەکانی کوردستانیان کردووە. سوپاس بۆ خودا، ئەمڕۆ دەرفەت رەخساوە کە بە ئازادی بگەن و کاروباری خۆیان لە خاکی پیرۆزیان بەڕێوەببەن.''
 
کورد چاوی لە لایەنە سیاسییەکانی رۆژئاوای کوردستانە بۆ ئەوەی کۆتایی بە ناکۆکییەکان بێنن و بە یەک شاندی هاوبەش بۆ دانوستاندن بچنە دیمەشق.
 
ئەو سیاسەتڤانە کوردە لەبارەی گرنگیی دیاسپۆرای کوردی بۆ پاڵپشتیی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت: ''دیاسپۆرا دەتوانن بە ئاڵای کوردستانەوە وەک ئەمڕۆ لەسەر پێ بن. ئەمە پەیامێکە بۆ ئەڵمانیا، ئەورووپا و هەموو جیهان کە ئێمەی کورد لە خاکی خۆمان شەهیدی زۆرمان داوە، ئێستا بەڕێوەبردنی کاروباری خۆمان بە زمان و کولتووری خۆمانەوە مافی ئێمەیە و دەبێت بەو مافە رەوایە بگەین.''
 
8ـی کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتی بەشار ئەسەد رووخا و دەسەڵاتێکی کاتی لە سووریا پێکهێندرا.
 
13ـی ئادارى 2025 کۆمیتەى پسپۆڕانى راسپێردراو بۆ داڕشتنى راگەیێندراوى دەستوورى سووریا، رەشنووسى دەستوورى رادەستى ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى سووریا بۆ قۆناخى راگوزەر کرد کە بۆ پێنج ساڵ و تاوەکو هەڵبژاردنی وڵاتەکە کاری پێدەکرێت، بەڵام زۆربەی پێکهاتەکانی سووریا راگەیێندراوی دەستووری رەتدەکەنەوە، لەوانە کورد.
 
بایرام ئایاز گوتی: ''ئەزموونێکی مێژووییمان لە باشووری کوردستان هەیە. کورد کاتی نووسینی دەستووری عێراق (2005) یەکڕیز و یەکهەڵوێست بوو، پێکەوە چوونە بەغدا و مافی بەڕێوەبەریی فیدراڵییان بۆ هەرێمی کوردستان بەدەستهێنا. ئەمڕۆ پێویستە لە رۆژئاوای کوردستانیش ئەم یەکڕیزییە دووبارە ببێتەوە.''
 
ئەو سیاسەتڤانە گوتی: ''پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان لە رۆژئاوای کوردستان یەکهەڵوێست و یەکڕیز بن و بە شاندێکی هاوبەش بچنە دیمەشق بۆ ئەوەی داوای مافی خۆبەڕێوەبەری لە چوارچێوەی هەرێمێکی فیدراڵدا بکەن.''
 
رۆژی 18-3-2025، کۆبوونەوەی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) کە سەرەکیترین پارتی نێو ''پەیەنەکە''ـیە لەگەڵ ئەنەکەسە لە حەسەکە بەڕێوەچوو. ئەوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، "ئەرێنی بوو".
 
دواتریش ئەنەکەسە و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون، رایانگەیاند، کۆبوونەوەکەی ئەرێنی بووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە