لە حەسەکە رێگری لە کارکردنی تیمی رووداو دەکرێت

01-02-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە- رێگری لە تیمی رووداو دەکەن بچنە نێو شاری حەسەکە بۆ رووماڵکردنی دۆخی ئاوارەبوونی ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە، تۆڕی میدیایی رووداو داوا لە لایەنە دەسەڵاتدارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات،  کۆتایی بەو رێگریکردنە بهێنن.
 
لە سەرەتای رووداوەکانی گرتووخانەی غوێرانەوە لە حەسەکە لە رۆژی 20ی کانوونی دووەمی 2022 و سەرباری هەموو رێگرییەکانی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، تیمی رووداو لە حەسەکە بەردەوام رووداو و رووبەڕووبونەوەکانی بۆ ماوەی چەند رۆژێک رووماڵکرد، دواتر رێگە بەرزان فەرمان، پەیامنێری رووداو و تیمی هاوەڵی کرا لەنێو حەسەکە کاربکەن و بۆ دەرەوەی شارەکە دوورخرانەوە.
 
فەهدی سەبری، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند: "لەو کاتەوە ئێمە بە هەموو رێگەیەک هەوڵدەدەین رەزامەندیی چوونە نێو شاری حەسەکە وەربگرین، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون، چونکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش و دەستەی راگەیاندنەوە وەڵامی داواکارییەکەمان نادرێتەوە پێچەوانەی ئەو بەڵێنەی کە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایش پێیدابووین بەرێگەپێدانمان بە چوونەنێو شارەکەوە ئەگەر قەدەخەی هاتووچۆی سەر ناوچەکە تەواو ببێت.
 
فەهد سەبری ئاماژەی بەوەداوە ئەمڕۆ دوای کۆتایی هاتنی قەدەخەکردنی هاتووچۆ، "پەیامنێرمان ڤیڤیان فەتاح بەهاوەڵیی کامێرامان ئارا بیجۆ کاژێر 9ی بەیانی بەرەو شاری حەسەکە بەڕێکەوتن بۆ ئامادەکردنی راپۆرت لەبارەی بارودۆخی ئاوارەکانی نێو شارەکە، بەڵام لە بازگەی کفری سپی لەسەر رێگەی نێودەوڵەتی M4 بۆ ماوەی سێ کاژێر راگیران و بەپاساوی نەبوونی رێنوێنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەوە بازگەکە رێگەی تێپەڕینیان پێنەدان و نەیانهێشت تیمی رووداو بچنە حەسەکە".
 
دوای ئەو رێگرییە فەهد سەبری وەک بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە قامیشلۆ چووەتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش، فەهد دەڵێت، "لە کاژێر 10ی بەیانییەوە تاوەکو 12ی نیوەڕۆ لەگەڵیان کۆبوومەوە بۆ ئەوەی لە هۆکاری رێگریکردنمان لە تێپەڕبوون بزانم، سەرۆکایەتیی ئاسایش پێیانگوتم هیچ فەرمانێکی فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتییەوە نییە بۆ تێپەڕنەبوونتان، بەڵام لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی بازگەکانەوە رێنوینیمان پێگەیشتووە بۆ رێگریکردن لە تیمەکەتان بۆ چوونە نێو حەسەکەوە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش پێیانگوتم دەتوانن لەنێو قامشلۆ بەئاسانی کارەکانی خۆتان بکەن، بەڵام بەرپرس نین لەکارەکانمان لە دەرەوەی قامشلۆ".
 
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ سەفقان ئۆرکیش داوای چاوپێکەوتنی سەرکردایەتی هێزەکانی سووریای دیموکراتی کرد بەتایبەت جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی. 
 
رۆژی چوارشەممە 26ی کانوونی یەکەم لەگەڵ فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەتەوە و داوایکردووە چیدیکە رێگری لە تیمەکانی رووداو نەکرێت و بهێڵن ئازادانە کاری میدیایی خۆیان بکەن. جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی دوو پلەداری لە فەرماندەیی هێزەکانی سووریای دیموکرات راسپارد بۆ ئەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو گفتوگۆ بکەن و کێشەکە چارەسەر بکەن.
 
ئەوان بە تیمی رووداویان راگەیاندووە کە کاری جیدی سەبارەت داواکەی ئەوان دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا تیمەکە هیچ ئاگادارییەکیان پێنەگەیشتووە کە دەتوانن بگەڕێنەوە حەسەکە و ئازادانە کارەکەیان بکەن. هەر بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو، بەردەوام پەیوەندی بە بەرپرسانی خۆسەری دیموکراتی و دەستەی راگەیاندنی ئازاد کردووە لە رۆژئاوای کوردستان، بەڵام رێگریکردن لە کاری رووداو بۆ رووماڵکردن بەردەوامە.
 
رۆژی هەینی 28/1/2022،  کاتێک تیمی دووەمی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە ڤیڤیان فەتاح و عیسا خەلەف پێکهاتوون، بچنە نێو شاری حەسەکە، دیسان رێگریان لێکراوە.
 
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند؛ هێزەکانی ئاسایش لە بازگەی سەباخ کە بازگەی چوونە نێو شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستانە، رێگەی چوونە نێو حەسەکەیان پێنەداین.
 
ڤیڤیان فەتاح کە هەوڵی وەرگرتنی رەزامەندی داوە، لە لایەن بەرپرسێکی ئاسایشی حەسەکە بەناوی هەڤال سیراجەوە پێی گوتراوە، کە هێزەکانی سووریای دیموکرات رازی نیین رووداو رووماڵی رووداوەکانی حەسەکە بکات و ئێمەش وەک ئاسایش رێتان پێنادەین.
 
پێشتریش نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە شاری قامشلۆ شەش جار هێرشی کراوەتەسەر، بەشێک لەو هێرشانە لەلایەن گرووپی لاوانی شۆڕشگێری سەر بە پارتی یەکێتیی دیموکراتی ئەنجامدراون، تاوەکو ئێستا هێزەکانی ئاسایشی بەرێوەبەرایەتیی خۆسەر هیچ کام لە ئەنجامدەرانی هێرشەکانی بۆسەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ دەستگیر نەکردوون.
 
زۆر جاریش تیمی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان، لەکاتی رووماڵی رووداوەکان، رووبەڕووی رێگریکردن و دەستگیرکردن لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەبنەوە.
 
تۆڕی میدیایی رووداو داوا لە لایەنە دەسەڵاتدارەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات، رێگریکردن لەبەردەم رووماڵ و کارەکانی تیمەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کۆتایی پێبێنن. تۆڕی میدیایی رووداو وەک دەزگایەکی مۆڵەتپێدراو لە رۆژئاوای کوردستان کار دەکات، ئەوەی بەرامبەر تیمەکانی رووداو دەکرێت دوورە لە هەموو بنەماکانی رێزگرتن لە ئازادی کاری راگەیاندن و پێشێلکارییەکی گەورەی یاساییە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە